بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کازم غەریب ئابادی جێگری کاروباری نێودەوڵەتیی دەزگای داد و بەرپرسی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، وتی: لە درێژەی ئەو لێک تێگەیشتنەی نێوان شاندی دەزگای دادی ئێران و عێراق لە کۆبوونەوەی پێشووی هەر دوو لا لە بەغدا، یەکەم کۆبوونەوەش لە سەر دۆسیەی تیرۆری شەهیدان سولێمانی و موهەندیس و هاوڕێکانی ئەوان لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە تاران بەڕێوەچوو.
ناوبراو وتی: هەر دوو لا لە بەیاننامەیەکدا جەختیان کردەوە کە تاوانی تیرۆریستی لە دژی شەهیدان قاسم سولێمانی، ئەبومەهدی موهەندیس و هاوڕێکانی ئەوان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی بە تایبەت کۆنوانسیۆنەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمە و بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی هەڵدەگرێت. بەدەر لەمەش هەر دوو وڵات ئیرادەی خۆیان بۆ ناسینەوە، دەستبەسەرکردنی داواکراوەکان، دادگاییکردن و سزادانی سەرجەم ئەوانەی دەستیان لە تاوانەکەدا هەبووە، پلانداڕێژ یان جێبەجێکاری تاوانەکە، دووپات کردووەتەوە.
جێگری سەرۆکی دەزگای دادی ئێران وتی: 300 لاپەڕە بەڵگە و زانیاری تەواو لە سەر دۆسیەی تیرۆری شەهید سولێمانی ڕادەستی لایەنی عێراقی کرا و بڕیار درا کە دەزگای دادی هەر دوو وڵات لێکۆڵینەوەکان لە سەر ئەم دۆسیەیە تەواو بکەن.
گەڕی سێهەمی کۆبوونەوەی هاوبەشی دەزگای دادی ئێران و عێراق لە سەر دۆسیەی تیرۆری شەهیدان سولێمانی و موهەندیس تا 45 ڕۆژی داهاتوو لە بەغدا بەڕێوە دەچێت./.