بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تورکیا یەک لەو وڵاتانەیە کە گرنگییەکی زۆر بە سامانی ئاو دەدات و ئەمەش وایکردووە کە پلان و بەرنامە جێبەجێکراوەکانی لە داهاتوودا کاریگەری لە سەر ئاسایشی ئاوی چەند وڵاتێکی ناوچەکە بە تایبەت عێراق دابنێت. حکومەتی تورکیا لە ڕێگای پرۆژە ئاوییەکانەوە دەست بە سەر بڕێکی زۆر لە ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فۆراتدا دەگرێت و بەمەش مەترسی کەم ئاوی باڵ بە سەر هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەکێشێت.
بۆ تاوتوێکردنی ئەم سیاسەتەی تورکیا و کاریگەرییەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، پەیامنێری جام کوردی لە گەڵ عەبدولموتەلب ڕەفعەت سەرحەد، مامۆستای زانکۆی گەرمیان و شارەزا لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، وتووێژی کردووە کە دەقی ئەو وتووێژەش لە درێژەدا هاتووە:
ڕۆڵ و کاریگەری تورکیا لە درووستکردنی قەیرانی کەم ئاویی ئێستای عێراق چۆن دەبینن؟
تورکیا یەک لەو وڵاتانەیە کە لەمێژە گرنگیی بە ئاو داوە، لە بەر ئەوەی کە لە ڕووی سەرچاوە سرووشتییەکانی دیکەی نەوت و گاز و وزەوە دەوڵەمەند نییە، هەر بۆیە هەوڵی ئەوەیداوە ئاو بکاتە سەرچاوەیەکی سەرەکی و وەک سەرچاوەیەکی ژینگەی تازە بە وڵاتانی دیکەی جیهان پیشانی بدات. بۆیە لە ساڵی 1930 سیاسەتەکانی بۆ گرنگیدان بە ئاو دەستپێکردووە، پلانەکەشی ئەوە بووە کە چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی کە لە داهاتوودا فرۆشیاری ئاو بە وڵاتانی دیکە بێت. یەک لەو پرۆژانەش، پرۆژەی ” گاپ ” بووە کە لە سەدەی ڕابردوو ئیشی لە سەر کردووە بەڵام بە هۆی قەیرانی سیاسی و چەندین گرفتی دیکەوە لە کاتی خۆیدا سەرکەوتوو نەبووە کە جێبەجێی بکات. لە پاش 2003 دەرفەتێک بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە کەوتە بەردەم تورکیا کە بە یەکێک لە گرنگترین پرۆژەکانی ئەم وڵاتە دادەنرێت. مەبەست لەو پرۆژەش تەنیا گلدانەوەی ئاو نییە و لەوە گەورەترە، لەوانەیە بە مەبەستی ئاودێری و کشتووکاڵ، ئابوری و وەبەرهێنانی کارەبا بێت و ئەوەی کە تورکیا لە داهاتوودا بتوانێت ئاو بە وڵاتانی دیکە بفرۆشێت. لە ناو پرۆژەی گاپدا تورکیا پرۆژەیەکی دیکەی بە ناوی ” ئاوی ئاشتی ” هەیە کە لە پاش تەواوبوونی سەرجەم بەنداوەکان فرۆشتنی ئاو بە وڵاتانی دیکە دەست پێدەکات و یەکێک لەو وڵاتانەش کە لە وردەکاریی پرۆژەکەدا ناوی هەیە هەرێمی کوردستان و عێراقە و ئەمەش کێشە و گرفتی زۆری بە دواوە دەبێت. لاوازبوونی حکومەتی عێراق لەم ساڵانەدا وایکردووە کە تورکیا بە ویستی خۆی ئەو پرۆژانە جێبەجێ بکات و لە داهاتوودا قەیرانەکانیش زیاتر دەبێت، بە تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان کە کەوتووەتە بەردەم قەیرانی وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی کەشوهەوا.
بۆ تا ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق لەو مەترسییە تێنەگەیشتوون تا لانیکەم ڕێگە لە بەشێک لە کێشەکانی داهاتوو بگرن؟
حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان باش دەزانن کە ئەوە کێشەیەکی گەورەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕوبەڕویان دەبێتەوە و کارەساتی لەم وڵاتەدا بە دواوە دەبێت بەڵام بەداخەوە کە سیاسەتێکی زۆر لاوازیان هەیە و بە هۆکاری سیاسی ناتوانن بڕیار لە سەر چارەسەرکردنی بدەن، ئەوان تەنیا چاوەڕێ دەکەن کە خەڵک هەڵوێستیان هەبێت یان بارودۆخی سیاسی گۆڕانکاریی بە سەردا بێت، ئەوان تا ئێستا هیچ گرنگییەکیان بە ئاو و پلانێک بۆ داهاتووی ئەم کێشەیە نەداوە و سیاسەتی ئاویی عێراق هێشتا ڕوون نییە، بە تایبەت لە بەرامبەر ئەو سیاسەت و هەنگاوانەی تورکیا کە باس کرا و هیچ ڕێکەوتنێک لە نێوان بەغدا و ئەنکەرەدا نییە. هێشتا لە عێراقدا نازانرێت چۆن مامەڵە لە گەڵ دۆسیەی ئاودا بکرێت و ئەو ئاوەی کە لە دیجلە و فۆراتەوە دێت بە بێ هیچ سوودێک دەڕژێتە شەتولعەرەبەوە و تەنانەت لە ڕووی کشتووکاڵییەوە هیچ سوودێکی لێ نەبینراوە.
ئاماژەتان بە هەڵوێستی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەم قەیرانە دا. ڕۆڵی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی چییە، لە بەر ئەوەی کە ئەوان دوا جار زەرەرمەندی سەرەکی دەبن؟
بەداخەوە لە عێراقدا ئاستی ڕۆشنبیریی دانیشتووانەکەی لە بەرامبەر پاراستنی سامانی ئاو زۆر نزمە، لە بەر ئەوەی کە لە مێژە عێراق و هەرێمی کوردستان کێشەی ئاوی نەبووە و ئەمە کێشەیەکی نوێیە و ڕەنگە تا ئێستا خەڵک هەبێت بڕوای بەوە نەبێت تووشی گرتنەوەی ئاو دەبین و لە داهاتوودا ئاو کەم دەبێت یان نامێنێت. لە داهاتوودا مەترسی ئەوە هەیە کە ئەم کێشەیە بگاتە شەڕی نێوان وڵاتان، بە تایبەت لە نێوان عێراق و تورکیا و بە دیاریکراوی لە پاش ساڵی 2030 کە سەرجەم پرۆژە پێشبینیکراوەکانی تورکیا لە بواری ئاودا تەواو دەبن.
هەرێمی کوردستان و عێراق وەک سەرچاوەیەکی دابینکردنی وزەی پێویستی تورکیا ڕۆڵیان بینیوە، ئایا دەتوانن وەک کارتێکی گوشار لە دژی ئەنکەرە بەکاری بێنن؟
ئەوە لە پێشووتردا دەکرا، لە سیاسەتدا شتێک هەیە بە ناوی سیاسەتی ” المقا یضە ” واتە تۆ کەرەستەیەکتر هەیە و من نیمە و بە پێچەوانەوە، بەڵام بە داخەوە کە لە ئێستادا نەوتی هەرێمی کوردستان بە دەستی خۆیەوە نییە و تورکیا دەستی بە سەر نەوت و ئاوەکەشماندا گرتووە و ئەمەش سیاسەتێکی هەڵە بووە و بە گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق تا ئێستا کەڵک لە سەرچاوە سرووشتییەکان لە پێناو سیاسەت و داهاتووی ئەم خەڵکەدا وەرنەگیراوە.
لە ڕووی زانستییەوە هەرێمی کوردستان و عێراق چۆن دەتوانن خۆیان لە کاریگەرییەکانی قەیرانی کەم ئاوی و وشکەساڵی دەرباز بکەن؟
چارەسەرەکان زۆرن، لەوانە دەبێت ئاو بە شێوەیەکی زانستی بەکار بهێندرێت، دەبێت سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگیرێت و کەمتر ئاوی ژێر زەوی بەکار بێت. هەندێک سەرچاوە هەیە وەک پاشماوە و پاشەڕۆ کە لە ماڵەکان و لە شوێنەکانی دیکەوە دەردەچن وەک سەرچاوەیەکی نوێ بەکار بهێندرێت، دەبێت کشتووکاڵ بکرێتە پیشەیەکی زانستی و لە ڕووی ئاودێرییەوە کەڵک لە شێوازی نوێ و سەردەمیانە وەربگیرێت بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق گرنگیی بەم چارەسەرانە نەداوە.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد