بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گابریەل سۆما شرۆڤەکاری ئەمریکی لە بەرنامەیەکی کەناڵی الفرات بە ناوی ” حوار الدولە “، وتی: بوونی ئەمریکا لە ساڵی 2014 لە سەر داوای حکومەتی عێراق بووە و بە بۆچوونی دوناڵد ترەمپ، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2014 هۆکاری داگیرکردنی بەشێکی زۆری خاکی عێراق لە لایەن داعشەوە بووە.
ناوبراو وتی: هێزەکانی ئەمریکا لەو کاتەوە لە عێراقدا ماونەتەوە و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گەڵ جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا داوای کشانەوەی ئەو هێزانە و گۆڕینی ئەرک و ڕاسپاردەی ئەو هێزانەشی کرد کە دەمێننەوە.
ئەو شرۆڤەکارە ئەمریکییە وتی: بنکە سەربازییەکانی عێراق پەیوەندیی بە ئەمریکاوە نییە بەڵکوو بە تەواوی عێراقییە و بایدن دژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نەبووە، ئەو هێزانەی کە تا ئێستا مەشق و ڕاهێنانیان بە 250 هەزار هێزی سەربازیی عێراق بە تایبەت بۆ شەڕی دژ بە داعش کردووە.
سۆما ئاشکرای کرد کە 2500 سەربازی ئەمریکی وەک ڕاوێژکار لە عێراقدا ماونەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەرلەمانی عێراق بە کۆی دەنگ بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە خاکی ئەم وڵاتە پەسەند کردووە و گرووپەکانی خۆڕاگریش لە سەر هەر بەلاڕێدابردنی هەر هەوڵێک بۆ کشانەوەی ئەو هێزانە هۆشداریی داوە./.