بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە کۆبوونەوەی باڵیۆزان و نوێنەرانی سیاسی و دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی دراوسێ لە وتارێکدا بە ئاماژە بە دۆخی ئێستای جیهان و کاریگەرییەکانی لە سەر دۆخی ستراتیژیی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا جەختی لە سەر گرتنەبەری ئەو ستراتیژانە کردەوە کە دەبێتە هۆی یەکگرتوویی و نزیکبوونەوەی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ.
ناوبراو بە شرۆڤەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم قۆناغەدا و بە گرنگیدان بە جێگیربوونی کابینەی نوێ، وتی: چارەسەرکردنی هەر چەشنە ئاڵۆزی و ناکۆکی، گەشە و پتەوکردنی پەیوەندییە هەمەلایەنەکان بە تایبەت لە بواری ئابوری، بەرگری و ئەمنی و هاوبەشیی ستراتیژی لە گەڵ دراوسێکان بە سیاسەتی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران دادەنرێت.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە درێژەدا بە ئاماژە بە دابەزینی هەژموونی ئەمریکا و بەهێزبوونی لایەنەکانی دیکە، وتی: ئەم هەلومەرجە بووەتە هۆی گۆڕانکاری بنەڕەتی و ئاڵۆزی و کێبڕکێی نوێ و ڕوبەڕوبونەوەی گەورەی نێودەوڵەتی لە گەڵ ئەمریکا.
عەلی شەمخانی وتی: کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە بە هۆی شکستی سیاسەتەکانی لە عێراق، ئەفغانستان و ڕۆژئاوای ئاسیا و گرنگیدانی واشنتن بە ڕوبەڕوبونەوەی چین و ڕووسیا وەک دوو زلهێز بە پێی ئەم هەلومەرجە بووە.
ناوبراو هەروەها شکستی هاوپەیمانی عەرەبی لە شەڕی یەمەن، ئیرادەی بەهێزی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ پاراستنی هاوکێشەی بەرگری و سەرهەڵدانی غەززە وەک هێزێکی گرنگی ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستیی بە نموونەیەکی دیکەی ئەم گۆڕانکارییانە ناو برد.
شەمخانی ڕایگەیاند کە یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییەکانی ئەم قۆناغەش شکستی سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکانی ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە و وتی: ئەمڕۆ سەرجەم لایەنە سەرەکییەکانی ناوچەکە و جیهان دانیان بەوەدا ناوە کە بە خۆڕاگریی کەم وێنەی گەلی ئێران نەک تەنیا شکستی سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکانی ئەمریکا مسۆگەر بووە بەڵکوو ئێران و بەرەی خۆڕاگری لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە بە سەر گرووپی تیرۆریستی داعش وەک هۆکارێکی گەورەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زاڵ بن و سەرچاوەی تیرۆریزمی ڕێکخراوەیی ئەمریکا تێک بشکێنن.
وتیشی کە ئەمریکا تەنانەت بە تیرۆری شەهید قاسم سولێمانی لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو ستراتیژی خۆی بۆ شکستی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە مسۆگەر بکات./.