بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مستەفا کازمی لە میانەی وتارێکی بە بۆنەی سەدەمین ساڵی پێکهێنانی حکومەتی عێراق وتی کە عێراق بەرەو بەدەستهێنانەوەی پێگەی خۆی هەنگاو دەنێت و زامەکانی وڵات بەرەو ساڕێژبوون دەڕوات.
ناوبراو ئاماژەی بە بەدەستهێنانەوەی پێگەی عێراق لە نێو وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و جیهان دا و وتی کە خەڵک بڕیاربەدەستانی سەرەکی و ڕاستەقینەی وڵاتن.
کازمی بە خەڵکی عێراقی ڕاگەیاند کە لە ڕۆژانی داهاتوو هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەکشێنەوە و ئەم کشانەوەش لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ستراتیژیی واژۆکراوە لە گەڵ لایەنی ئەمریکی.
سەرەڕای ئەمەش، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا لە بەشی ڕاوێژکاری بەردەوام لە عێراق دەمێننەوە./.









