بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژنڕاڵ مەکێنزی بە بێ ئاماژەدان بە ماوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، وتی: هێزەکانی ئەمریکا سەرەڕای گۆڕینی ئەرک و ڕاسپاردەیان لە عێراقدا دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی ئاسمانی و بواری پێویستی دیکە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش.
ناوبراو وتی: ئێمە لەو بنکە سەربازییانەی عێراق کە پێویست نەبووە پاشەکشەمان کردووە و بە ئاسانی دەستی لایەنەکانی دیکە بە هێزەکانمان ناگات، بەڵام عێراقییەکان دەیانەوێت ئێمە بمێنینەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە 9 ی کانوونی یەکەمی 2021، کۆتایی ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکای ڕاگەیاند و وتی کە ئەو هێزانە بە پێی وتووێژی نێوان بەغدا و واشنتن دەکشێنەوە. مەکێنزی بە بێ گرنگیدان بەم هەڵوێستەی حکومەتی عێراق، وتی: ئەوان دەیانەوێت ئێمە بمێنینەوە، هەر بۆیە تا کاتی پێویست و بە ڕێکەوتنی دووقۆڵی دەمێنینەوە.
ئەو فەرماندە سەربازییەی ئەمریکا سەبارەت بە چالاکییەکانی داعش لە عێراق، وتی: داعش بەردەوام وەک هەڕەشەیەک لە عێراقدا دەمێنێتەوە و ئەم گرووپە ڕەنگە بە ناوێکی دیکە درێژە بە خۆڕێکخستنەوە و چالاکییەکانی دەدات./.