بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی یەمەنی ” انتصاف ” وەک لایەنگری مافی منداڵان و ژنان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ (10 ی کانوونی یەکەم) ڕاپۆرتێکی لە سەر دۆخی کارەساتباری ژنانی یەمەن لە ئەنجامی حەوت ساڵ شەڕ و گەمارۆ بڵاو کردەوە.
ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاند کە لە سەرەتای شەڕی سەپێندراوی سعوودیەوە لە 26 ی ئاداری ساڵی 2015 تا ئێستا 2412 ژنی یەمەنی کوژراون و 2825 ژنی دیکەش بریندار بوون.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە یەک ملیۆن و 200 هەزار ژنی یەمەنی کێشەی نەبوونی خۆراکی پێویستیان هەیە کە نیوەی ئەوان دووگیانن.
ڕاشیگەیاندووە کە ساڵانە بە هۆی گەمارۆی هاوپەیمانی سعوودیەوە هەشت هەزار ژنی یەمەنی گیانی خۆیان لە دەست دەدەن و لە سەدا 70 ی دەرمانی پێویستیش لە یەمەن دەست ناکەوێت.
ڕێکخراوە یەمەنییەکە ڕایگەیاندووە کە لە نێو ئاوارەکاندا 800 هەزار ژن هەیە کە بە هۆی ئاوارەبوونەوە مافی ئەوان بەردەوام پێشێل دەکرێت./.