بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، لە سێهەم وتووێژی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنی لە گەڵ خەڵک و لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا ڕەزامەندی لە سەر کارنامەی 100 ڕۆژەی یەکەمی کابینەی نوێ هەیە یان نە؟ وتی: دەبێت ئەو ڕەزامەندییە لە لایەن خەڵکەوە بێت، دادوەری خەڵک و و بۆچوونی ئەوان گرنگترین بابەتە.
ناوبراو وتی: خەڵک دەزانن کە لە چ هەلومەرجێکدا کابینەی ئێستا حکومەتی وەرگرت، لە هەلومەرجی دژواری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دارایی و ئابوری و دۆخی خەزێنە و کاڵا سەرەکییەکان، گرنگتر لەوەش کە زیان بە متمانەی گشتی و هیوای خەڵک گەیشتبوو و لە ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەتیش ئەوە بوو کە متمانەی خەڵک بگەڕێنێتەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە ڕۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونم ڕامگەیاند کە ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا وەک ستراتیژێکی سەرەکییە، لەو کاتەدا ڕۆژانە زیاتر لە 700 کەس لە ئێران بە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لە دەست دەدا و ئەمەش بۆ ئێمە خەمێکی گەورە بوو. تەنانەت لەو کاتەدا باس لە نەبوونی سەرچاوە داراییەکان بۆ هاوردەکردنی ڤاکسێنی کۆرۆنا بە هۆی کاریگەری گەمارۆکانەوە دەکرا، تەنانەت 5 ملیۆن ژەم ڤاکسێنیش هاوردە نەکرابوو بەڵام خۆشبەختانە ئێستا بە دەیان ملیۆن ڤاکسێن دابین کراوە و ئامارەکانی تایبەت بە توشبوون و قوربانیی کۆرۆناش بە تەواوی دابەزیوە.
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وتی: باشترکردنی دۆخی ئابوری و دارایی لە ڕیزی گرنگترین کارەکانی دیکەی حکومەت بووە و ژمارەیەکی زۆر لە یەکە وەبەرهێنەرەکان دووبارە دەستیان بە چالاکی کردووەتەوە.
ناوبراو سوپاسی خەڵکیشی کرد بە تایبەت لە بەکارهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا و وتی کە ئەو ڕۆژە بە سەرچووە کە خەڵک چاوەڕوانی وەرگرتنی ڤاکسێن بن بەڵکوو لە ئێستادا بە دوای خەڵکدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی ڤاکسێنەکە بەکار بێنن و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە دژی نەخۆشییەکە کوتراون./.