بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شارەزایانی بواری ئابوریی عێراق لەو بڕوایەدان کە هەنگاوەکەی حکومەتی بەغدا بۆ دیاریکردنی نرخی 60 دۆلاریی هەر بەرمیل نەوت لە بودجەی ساڵی داهاتوو، بڕیارێکی هەڵە و بەپەلەیە و جەختیان لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە حکومەت سەرچاوەکانی داهات جۆربەجۆر بکات و چیدی بودجە بەم شێوازە بەسراوەی داهاتی نەوت نەبێت.
حەمزە جەواهری شارەزای بواری نەوتی عێراق بە العالم الجدید ی ڕاگەیاند کە حکومەت سەبارەت بە بودجەی ساڵی داهاتوو تووشی بێ پلانی بووەتەوە و بڕیار بوو کە نرخی نەوت 40 دۆلار بۆ هەر بەرمیل نەوت بمێنێتەوە و ئەم نرخەش لانیکەم بۆ ماوەی 10 ساڵ بمێنێتەوە و پاشان بەرە بەرە بەرەو گۆڕانکاری ببرێت بەڵام ئەوەی کە ڕوویداوە، بڕیارێکی هەڵە و بەپەلەیە.
جواهری وتی: دابەزینی نرخی نەوت بە هۆی قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نییە کە هێشتا کاریگەریی ماوە بەڵام نەگەیشتووەتە قۆناغی ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی کاڵا لە جیهان بەڵکوو هۆکاری سەرەکی دابەزینی نرخی نەوت بۆ خستنەڕووی ڕێژەیەکی زۆری نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دەگەڕێتەوە.
ناوبراو وتی: ڕێکخراوی ئۆپێک لە چاوەڕوانیی گۆڕانکارییەکانی داهاتوودایە و ئامرازی کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دابەزینی نرخەشی هەیە و دەتوانێت وەک چۆن کە هەندێک لە وڵاتان دەیانەوێت نرخەکە لە نێوان 70 تا 75 دۆلاردا بهێڵێتەوە.
ئەو شارەزایەی بواری نەوتی عێراق وتی: ئەو ڕێژە نەوتەی خراوەتە بازاڕەوە لە سەرچاوەکان و کۆگا ستراتیژییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە و دەبێت ئەوەش لە کاتی پێویست، شەڕ و هەلومەرجی دیکە، وەک خۆی بمێنێتەوە.
پاش ڕاگەیاندنی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناسراو بە ئۆمیکرۆن کە بەراورد بە جۆری دێڵتا مەترسیدارترە، زۆربەی وڵاتان سنورەکان و گەشتەکانیان بە ڕووی وڵاتانی ئەفریقیدا داخست و ئەمەش بووە هۆی دابەزینی لە سەدا 11 ی نرخی نەوت.
نرخی جیهانیی نەوت لەم ماوەیەدا گەیشتە 80 دۆلار بەڵام ڕۆژی یەکی کانوونی یەکەمی 2021 ئەو نرخە گەیشتە 72 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئێحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە نرخی نەوت لە بودجەی ساڵی داهاتووی ئەم وڵاتە 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیاری کراوە. ناوبراو پێشبینی ئەوەشیکردبوو کە نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار بەرز ببێتەوە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، زیاء موحسین شارەزای ئابوریی عێراق ڕایگەیاند کە بودجە تا ئێستا پەسەند نەکراوە، ئەمریکا گوشاری خستووەتە سەر ڕێکخراوی ئۆپێک تا ڕێژەی وەبەرهێنان بەرز بکاتەوە لە بەر ئەوەی کە نرخەکان ڕووی لە هەڵکشانە بەڵام ئۆپێک وەڵامی نەداوەتەوە، هەر بۆیە ئەمریکا و وڵاتانی خاوەن پیشەسازی لە کۆگا ستراتیژییەکانی خۆیان ڕێژەیەکی زۆر لە نەوتیان خستە بازاڕەوە و نرخەکانیان دابەزاند و لەم نێوەندەشدا بڵاوبوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی لە سەر نرخەکان هەبووە.
ناوبراو وتی: سیاسەتە ئابورییەکانی عێراق سەبارەت بە دیاریکردنی نرخی نەوت تووشی بێ پلانی بووەتەوە، ئەوان دەڵێن لە هەڵسەنگاندنی بازاڕی نەوتدا باشترن لە کەسانی دیکە بەڵام ئەمە هەڵەیە.
ئەو شارەزا ئابورییەی عێراق وتی: حکومەتی عێراق دەبێت سەرچاوەکانی داهاتی خۆی جۆربەجۆر بکات لە بەر ئەوەی کە بەغدا لایەنێکی بە تەنیا کاریگەری وەبەرهێنان و بازاڕی نەوت نییە و وەزارەتی دارایی دەبێت لە جێی بەسراوەیی بە داهاتی نەوت، زیاتربوونی داهاتەکان لە بەشەکانی دیکەدا وەک پلانێک جێبەجێ بکات./.