بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەی چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنەکانی شێعەدا هاتووە کە سەبارەت بە کێشە و ناکۆکییەکان و نوێترین گۆڕانکارییەکانی عێراق لە پێناو یەکڕیزی و برایەتی گەلی ئەم وڵاتە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەوان وتووێژ کراوە.
بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوە لە سەر ئەم چەند تەوەرە وتووێژیان کردووە:
1 – هەڵگرتنی هەنگاوی کرداری لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە گەندەڵان و ڕاگرتنی بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی گشتی.
2 – جەختکردنەوە لە سەر کشانەوەی هێزەکانی بێگانە بە پێی خشتەی دیاریکراوی ڕاگەێندراو و داڕشتنی میکانیزمێک بۆ ئەوەی کە چەک تەنیا لە ژێر چاودێری حکومەتدا بێت.
3 – ڕێکخستنەوە و پاڵپشتی لە حەشدی شەعبی لە پێناو بەهێزبوونی ڕۆڵی ئەم ڕێکخراوە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق.
4 – بە تاوان ناساندنی هەر هەوڵێک لە پێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی.
5 – هاوکاری و هەوڵی هاوبەش بۆ پاراستنی بنەما سەرەکییەکانی گەلی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی کێشە و قەیرانە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەی میکانیزمە یاساییەکان.
6 – هەوڵدان بۆ باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک بە دوور لە کێشە سیاسییەکان و بە تایبەت لەو ناوچانەی کە کەمتر خزمەتگوزارییان تێدا کراوە.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لە سەر بەردەوامیی وتووێژەکان تا گەیشتن بە ڕێکەوتنی دەربازکردنی عێراق لەم دۆخە سیاسییە کردەوە./.