پشتیوان محەممەدعەلی شارەزا لە بواری ئابوری هەرێمی کوردستان، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی وتی کە دۆخی سیاسی کاریگەری لە سەر سەرجەم سێکتەرە ئابورییەکان هەیە، سیاسەت و فیکر و کاروباری سیاسی کار دەکاتە سەر داڕشتنی بودجە و خەرجی و داهات و ئاراستەیان دەکات.
ناوبراو وتی: بارودۆخی سیاسی چ ئاڵۆزی یان ئارامی و دڵنیایی، لێکەوتەی خۆی بە سەر چالاکییە ئابورییەکان و بازاڕدا دادەنێت، لە وەبەرهێنانەوە تا بازاڕکردن و فرۆشتن و کڕین، بەکارهێنان، پاشکەوت و بەرهەم هێنانەوە.
ئەو شارەزا ئابورییە وتی: لەم گۆشە نیگاوە دەتوانین بڵێین کە دۆخی سیاسی هەرێم کە لە چەندین ڕەهەند و فاکتەر پێکهاتووە، وەک پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هەروەها پەیوەندیی نێوان پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پەیوەندییان بە حیزبە سیاسییەکانی دیکەوە کاریگەری ڕاستەوخۆ لە سەر چالاکییە ئابورییەکان دادەنێت. کە واتە هەموو ناتەندرووستی و ناڕێکی و پشێوییەکی سیاسی کاریگەری نەرێنی لە سەر جموجوڵە ئابورییەکان دادەنێت.
پشتیوان محەممەدعەلی لە درێژەدا و لە وەڵامی پرسیارێک کە وەبەرهێنەران و سەرمایەگوزاران تا چەندە دڵنیاییان بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، وتی: دەتوانم بڵێم کە هیچ وڵاتێک هێندەی هەرێمی کوردستان ئابورییەکەی قۆرخ نەکراوە و لە ژێر کاریگەری دەسەڵاتداراندا نییە، لە هەرێمی کوردستان سەرمایە و سەرمایەگوزاری بە تەواوی لە ژێر کاریگەری دەسەڵاتداراندایە و ئەوەشی کە لەو چوارچێوەدا نەبێت زۆر کەمن. هەروەها لە هەرێمی کوردستان بە هۆی نەبوونی سیستەمی بانکی و نەبوونی دڵنیایی بۆ سەرمایەی بانکی، لەمپەر و ڕێگرێکی زۆر هەیە بۆ ڕەخساندنی کەشێکی ئارام و هێمن بۆ سەرمایە و سەرمایەگوزاری.
ناوبراو سەبارەت بە هۆکاری بێدەنگی دامەزراوە ئابورییەکان لە بەرامبەر ئاڵۆزییە سیاسییەکان، وتی: ئاشکرایە کە لە هەرێمی کوردستان زۆر شتی تەندرووست و پرۆفیشناڵ نییە، هەرێمێک کە پەیوەندی ناڕوون و نابەرامبەری لە گەڵ عێراق و وڵاتانی دیکەدا هەیە و کێشە یەک لە دوای یەکەکە سیاسی و ئەمنییەکان وەک خۆی مابێتەوە، هەرێمێک کە دامودەزگای پەرلەمان و حکومەت و دادگاکانی لە حیزب بچووکتر بێت و لە ژێر ڕکێفی حیزبدا بێت پێم وایە کە نەبوونی دامودەزگای ئابوری شتێکی چاوەڕوانکراوە.
ئەو شارەزا ئابورییە لە کۆتاییدا وتی کە دامودەزگای ئابوری لە هەرێمدا بوونی نییە نەک هەبێت و بێدەنگ کرابێت، ئەوەی کە هەیە شەخسی و حیزبی و ناوچەییە و ئاشکرایە کە لە چوارچێوەی دەزگای گشتیدا نییە و هەر بۆیە پێناچێت بەم زووانە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دامەزراوەی ئابوری سەربەخۆ.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد