بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو ناوەندە بازرگانییەدا کە بە ئامادەبوونی سەید ڕەزا فاتمی ئەمین وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرایەوە، ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئێرانییەکان لە بوارەکانی بازرگانی، پیشەسازی، کشتووكاڵی و کەرەستەی بیناسازی، بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی خۆیان نمایش دەکەن.
وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانی ئێران لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەو ناوەندە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابورییەکان و بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان تاران و دیمەشق هاتووەتە پێشەوە.
فاتمی ئەمین بە ئاماژە بەوەی کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و سوریا لە ئێستادا گەیشتووەتە 3 ملیار دۆلار، وتی: سەبارەت بە سەرمایەگوزاری هاوبەش و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان ڕاوێژی پێویست کراوە تا لە قۆناغی پاش قەیران، ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بەرز بکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، کەیوان کاشفی سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و سوریا بە ئاماژە بەوەی کە ناوەندەکە یەکەم ناوەندی ئێرانیی جێگیر لە سوریایە و ڕاسپاردەکەشی کاروباری بازرگانییە، وتی: چەندین نووسینگەی بازرگانی لە ناوەندە تایبەتەکەی ئێراندایە کە دەرفەتی پێویست بۆ کۆمپانیا ئێرانییەکان دەڕەخسێنێت تا ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات زیاتر بکەن.
ناوبراو وتی: ئەم ناوەندە لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سوریا گرنگە و ڕۆڵی لە نێوان ژوورە بازرگانییەکانی ئێران و سوریا کاریگەری تایبەت بە خۆیی دەبێت./.