بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو دامەزراوەی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە نرخی مادە خۆراکییەکان لە چەندین بەشی یەمەن – ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دەست لە کار کێشراو – تەنیا لە ساڵی 2021 زیاتر لە سەدا 90 بەرز بووەتەوە.
ڕۆژی شەممە لە پارێزگای تەعز خۆپێشاندانێکی بەرفراوان لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی مادە خۆراکییەکان و دۆخی نالەباری ژیانی خەڵک بەڕێوەچوو.
نرخی دۆلار گەیشتووەتە 1600 ڕیاڵی یەمەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو نرخە پێش دەستپێکردنی شەڕی یەمەن لە ساڵی 2015 هەر دۆلار 215 ڕیاڵ بووە.
بەرنامەی جیهانی خۆراک مانگی ڕابردوو جەختیکردەوە کە هۆکارەکانی قەیرانی یەمەن کە شەڕ و داڕمانی ئابورییە، هیچ نیشانەیەک بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەکەی نابینرێت و ئەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی زیاتر کردووە کە تووشی قەیرانی برسێتی دەبەن.
شەڕی چەندین ساڵەی یەمەن تا ئێستا بووەتە هۆکاری کوژران و گیان لە دەستدانی 233 هەزار کەس و وایکردووە کە لە سەدا 80 ی حەشیمەتی 30 ملیۆن کەسیی ئەم وڵاتە پێویستیان بە هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بێت./.