بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی باقری کە سەرۆکایەتی شاندی ئێران لە دانوستانەکانی ڤیەننا دەکات، بە ئاژانسی فەرمی وڵاتەکەیی ڕاگەیاند کە پێش دەستپێکردنی گەڕی نوێی دانوستانەکان، ڕاوێژ لە گەڵ چەندین لایەنی بەشدار لە دانوستانەکان کراوە، لە گەڵ نوێنەرانی چین و ڕووسیا کۆبوونەوە هەبووە و سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران لە دانوستانەکان بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کراوە.
ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئیرادەیەکی جیدی و بەوپەڕی تواناوە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ و سزا نایاساییەکان هاتووەتە ڤیەننا، پێکهاتەی شاندەکەی ئێران پیشاندەری ئەو ئیرادەیە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ زاڵمانە و نایاساییەکانی ئەمریکا لە دژی گەلی ئێران.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی هیوای خواست کە دانوستانەکانی ڤیەننا ڕۆڵی کاریگەری لە دابینکردنی ئامانجەکانی تاران بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان هەبێت.
عەلی باقری سەبارەت بە ماوەی دانوستانەکانیش وتی: ناتوانین بە ڕوونی پێشبینی ئەوە بکەین کە دانوستانەکان تا کەی درێژەی دەبێت.
وتیشی کە لە دانوستانەکانی ڕۆژی دووشەممە، چوارچێوە و ماوەی ئەم گەڕە لە دانوستانەکان دیاری دەکرێت./.