بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش دە ساڵ و بۆ یەکەم جار، شاندێکی سوریا بەشداریی لە هەشتا و نۆیەمین کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانەکان ناسراو بە ئینتەرپۆڵی کرد کە لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا بەڕێوەچوو.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە شاندێک لەو وەزارەتە بە نوێنەرایەتی حکومەتی دیمەشق لەو کۆبوونەوە سێ ڕۆژەیەدا بەشداریی کردووە.
زیاتر لە 160 وڵات بەشداری ئەو کۆبوونەوەیان کردووە کە 15 وڵات لە ئاستی وەزیر، 9 وڵات لە ئاستی جێگرانی وەزیر و 4 وڵات لە ئاستی ڕاوێژکارانی وەزیر بووە و 51 بەڕێوەبەری ئەمنی بە تایبەت 14 ڕێکخراوی نێودەوڵەتیش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
کۆبوونەوەکە لە ڕۆژی سێ شەممەوە دەستیپێکرد و بە هەڵبژاردنی ئەحمەد ناسر ڕیسی لە ئیماراتەوە وەک سەرۆکی ئینتەرپۆڵ بە کۆتایی گەیشت./.