بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەکانی سوریا ڕایانگەیاندووە کە سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنی شاندێکی کوردانی سوریا بە سەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد تەنیا باسی بابەتە گشتییەکانی کردووە و نەچووەتە وردەکارییەکانەوە.
لەو خاڵانەش کە باس کراوە، ئەوەیە کە کوردانی سوریا یەک هەڵوێستیان هەبێت و بە ڕوونی و ڕاشکاوانە باسی بکەن.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە وردەکاری ناکۆکییەکانی نێوان کوردانی سوریا و حکومەتی ئەم وڵاتە دەبێت لە کۆبوونەوەکانی دیمەشق باس بکرێت.
بە وتەی سەرچاوەکانی سوریا، سەردانی شاندی کوردانی ئەم وڵاتە بۆ ڕووسیا هێندە ئەنجامێکی نوێی نەبووە و سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوە و میخائیل بوگدانۆف نێردەی تایبەتی پوتین بۆ کاروباری سوریا تەنیا گوێبیستی لێدوانی ئەندامانی شاندەکە بوون کە زۆربەشی باسی مەترسییەکانی تورکیایان کردووە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا تەنیا باسی ئەوەیکردووە کە تاکە ڕێگای بەردەم هەسەدە، دانوستانە لە گەڵ حکومەتی سوریا بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان.
لاوڕۆڤ بۆ ئەوەش ئامادەیی پیشانداوە و هەروەها مەترسی سیاسەتی پشت بەستن بە ئەمریکاشی وەبیرهێناوەتەوە./.