بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هادی عامری بە توندی ڕەخنەی لە کردەوەکانی نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گرت و وتی کە پلاسخارت خەڵکی عێراقی بەرامبەر بە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بێ متمانە کردووە.
عامری لە چاوپێکەوتنی باڵیۆزی یەکێتی ئەورووپا لە بەغدا، هەڵبژاردنەکانی 10 تشرینی یەکەمی بە خەراپترین هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پاش ساڵی 2003 ناو برد و وتی کە قبووڵکردنی ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە بە واتای لەناوبردنی پرۆسەی دیمۆکراسییە.
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح وتی: هاوکاری و پەیوەندی زۆر باشمان لە گەڵ نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هەیە بەڵام کردەوەکانی بەرپرسی ئەم نوێنەرایەتییە وایکردووە کە خەڵکی ئێمە متمانەیان پێی نەبێت.
ناوبراو وتی کە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت لە چوارچێوەی ئەرک و ڕاسپاردەکانی خۆیدا هەنگاو بنێت و وا هەڵسووکەوت نەکات کە دەڵێی سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقە./.