بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و وانگ یی وەزیرانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و چین ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکی ئۆنلایندا سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان و دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ نایاساییەکانی ئەمریکا لە دژی گەلی ئێران بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران گەشبینی خۆیی بەرامبەر بە پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان تاران و پەکین ڕاگەیاند و وتی کە ئامادەکاری تەواو بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە ئابورییەکانی نێوان هەر دوو وڵات کراوە و وردەکارییەکەی لە نزیکترین کاتدا بە لایەنی چینی ڕادەگەێندرێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دەستێوەردانەکانی ئەمریکای لە کاروباری ناوخۆیی چین بە بیانووی جۆربەجۆر، ئیدانە کرد و سەبارەت بە دانوستانەکانی ڤیەنناش وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئیرادەی تەواو و بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی باش پێ دەنێتە دانوستانەکانەوە و بە پێی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی و پابەندنەبوونی ئەورووپییەکان بە بەڵێنەکانیان، ئەگەر ئەوانیش بە هەمان ئیرادەوە دانوستان بکەن، ئەگەری گەیشتن بە ڕێکەوتن لە ئارادایە.
وەزیری دەرەوەی چینیش لەو چاوپێکەوتنە ئۆنلاینەدا بە ئەرێنییەوە باسی سەردانەکەی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکیی بۆ تاران کرد و وتی: پەکین دژی هەر هەنگاوێکی توندڕۆوانەیە لە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران.
وانگ یی جەختی لە سەر هەڵوێستی هاوبەشی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم وڵاتە کردەوە و ڕایگەیاند کە سێهەم کۆبوونەوەی ئەو وڵاتانە لە چین بەڕێوە دەچێت./.