بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ند پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هەفتەی داهاتوو دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاڵیبان لە وڵاتی قەتەر دەست پێدەکاتەوە.
ناوبراو وتی کە تام وست نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان سەرۆکایەتی شاندەکەی واشنتن لەو سەردانە دوو هەفتەییەدا دەکات.
وتیشی کە واشنتن بەدەر لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ قەیرانی مرۆڤی ئەفغانستانیش تاوتوێ دەکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: لە دانوستانەکانی قەتەر چەندین تەوەری پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا وەک بەرەنگاربوونەوەی داعش و قاعیدە، هاوکارییە مرۆڤییەکان، ئابوریی ئەفغانستان و دیاریکردنی چارەنووسی ژمارەیەک ئەمریکی و ئەو ئەفغانییانەی کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو هاوکاری واشنتنیان کردووە، باس دەکرێت./.