بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی عێراقی ڕایانگەیاند کە گرنگترین بابەت بۆ حکومەتی ئەم وڵاتە لە ئێستادا جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی بەغدا – واشنتن و بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقە بۆ دەرکردنی هێزی بێگانە بە تایبەت ئەمریکییەکان.
بەیادر موسەوی ئەندامی بزوتنەوەی مافەکانی عێراق، وتی: لە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ ڕێکەوتن کراوە و دەبێت جێبەجێ بکرێت، لە بەر ئەوەی کە بە پێچەوانەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەبنە هێزێکی داگیرکار و ئەمەش کاردانەوەی گرووپەکانی خۆڕاگریی بە دواوە دەبێت.
حامید عەباس ئەندامی هاوپەیمانی فەتحیش وتی کە ئەمریکا هەوڵی دۆزینەوەی بیانوویەک بۆ مانەوەی هێزەکانی لە عێراق دەدات، ئەویش لە کاتێکدا کە هەمووان چاوەڕوانی کشانەوەی ئەو هێزانە لە کۆتایی ئەمساڵ دەکەن.
ناوبراو وتی کە چەکی خۆڕاگری تەنیا ئامانجی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایە وەک هێزێکی داگیرکار لە عێراق.
مەحمود ڕۆبەیعی وتەبێژی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق یەکێکی دیکە لەو کەسانە بووە کە لە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەڵوێستی خۆیی ڕاگەیاند و وتی: ئێمە بە توندی دژی ئەو هەوڵانە دەوەستینەوە کە داوای داماڵینی چەکی خۆڕاگری بە ئامانجی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن.
کازم فەرتوسی وتەبێژی کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا بە هەمان شێوە ڕایگەیاند کە داواکاریی هەڵوەشانەوەی گرووپەکانی خۆڕاگری تەنیا بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق.
ناوبراو وتی: هیچ هێزێکی سیاسی ناتوانێت داوای هەڵوەشانەوەی گرووپەکانی خۆڕاگری بکات و ئەم گرووپانە شەرعییەتی خۆیان لە خەڵکی عێراقەوە وەرگرتووە.
وتیشی کە گەلی عێراق لە بەرامبەر ئەمریکییەکان خۆڕاگرییان کردووە و لە بەرگری لە وڵات و خاکی خۆیان بەردەوام ئامادەی ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکارانن./.