بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ دووشەمە 22ی نۆڤێمبەر، نەریمان عەبدوڵا خۆشناو ڕاگری كۆلیژی هونەرە جوانەكانی هەولێر، ڕایگەیاند، سبەی بەشی مۆسیقا و بەشی سینەما و شانۆ، فێستیڤاڵێک بۆ چالاكی هونەریی قوتابیانی كۆلێژ ساز دەكات.
هەروەها وتی، لە یەكەم ڕۆژی پرۆگرامی بەشی مۆسیقا، میوزیكی هەڵەبجە زامێكە، سۆناتینای پایز، گرتمت بەستمت، سترۆنگ، ڤاڵس ژمارە دوو، سریناد 13، ئامان دلۆ، سۆران بادینان و كۆنشرتۆ ژمارە دوو، نمایش دەكرێن.
سەبارەت بە ڕۆژی دووەمی پرۆگرامەكانی فێستیڤاڵ ڕایگەیاند، ڕۆژی دووەم لە پرۆگرامی بەشی سینەما و شانۆدا، نمایشی لە چاوەڕوانی گۆدۆدا لە نووسینی ساموێل بیكیت و ئامادەكردن و دەرهێنان و نواندنی فەهەد فارس و محەمەد ئیسماعیل پێشكەش دەكرێ.
ساڵانە لە پەیمانگە و زانكۆی تایبەت بە پەروەردەی لاوان بۆ كاری هونەری، دەیان چالاكیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن، ئامانجیش لەو چالاكییانە پێشکەوتن و پێشاندانی تواناییەکانی قوتابیانە.