بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەولەوی نەعیمەدین حەقانی لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی سەبارەت بە چەندین پرسی وەک پەیوەندی و هاوکاری تاڵیبان لە گەڵ وڵاتانی دیکە، بۆچوونی خۆیی خستەڕوو.
ناوبراو سەبارەت بە تێڕوانینی حکومەتی تاڵیبان لە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: ئەزموونی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەو وڵاتانەی خوازیاری دەسەڵاتێکی ئیسلامین. ئێران بە تایبەت لەم ساڵانەدا ئەزموونێکی زۆر گەورەی بە دەست هێناوە و دەتوانێت یارمەتیدەری ئێمە بێت. تاڵیبان ئەزموونی 4 ساڵ حکومڕانیی هەیە و 20 ساڵ پێش ئەو حکومەتە لە لایەن زلهێزەکانەوە ڕووخا، ئەم 20 ساڵەش بووەتە ئەزموونێک تا تاوتوێی ئەو 4 ساڵە بکەین و لە سەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خۆمان ورد ببینەوە.
حەقانی وتی: یەکێک لە پرسە گرنگەکانی تاڵیبان لە ئێستادا گرنگیدانە بە خەڵک. پرسی تێگەیشتن لە بیر و بۆچوونی خەڵک و هاوکاریی ئەوان و ئەوەی کە پێویستە خۆیان لە حکومەتی داهاتوودا بە هاوبەش بزانن. بۆ نموونە، حکومەتێک وەک کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەو هەموو سزا و گەمارۆوە، سەرکەوتوو بووە و هەڕەشەکانی کردووەتە دەرفەت.
ئەو بەرپرسەی حکومەتی تاڵیبان لە ویلایەتی هەرات، وتی: پێشوازی لە گواستنەوەی ئەزموونەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەفغانستان دەکەین و بۆ ئەمەش ئامادەییمان هەیە، ئێمە 40 ساڵ شەڕمان تێپەڕ کردووە و ئێران لەم 40 ساڵەدا لە ئاسایش و سەقامگیری تەواودا بووە، خاڵە هاوبەشەکانیش دەتوانێت لەم بوارەدا یارمەتیدەرمان بێت.
مەولەوی نەعیمەدین حەقانی وتی: پێش شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران بەڕێز خامنەیی کتێبی زانایەکی هیندستانیی وەرگێڕابووە و ئەمەش پیشان دەدات شۆڕشی ئێران، شۆڕشێک لە گەڵ زانست و زانایی بووە و ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگە.
بەرپرسی نووسینگەی وەزارەتی زانیاری و ڕۆشنبیری حکومەتی تاڵیبان لە ویلایەتی هەراتی ئەفغانستان، وتی: دوژمن نایەوێت برایەتی نێوان ئەفغانستان و ئێران بەهێز بێت بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەوڵی تێکدانی پەیوەندییەکان دەدەن.
ناوبراو وتی: هەوڵ دەدەین یاسای ئیسلام و شەریعەتی ئیسلامی لە گەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دژایەتیی نەبێت، لە ئێستادا هەوڵی داڕشتنەوەی دەستوور لە سەر ئەم بنەما و تێڕوانینە دەدرێت.
ڕاشیگەیاند کە ئەگەر کات بە ئەفغانستان بدرێت دەتوانێت بە سەرکەوتن و پێشکەوتن بگات./.