بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا لە سەر دۆخی ئابوریی ئەفغانستان ڕایگەیاند کە سەرەڕای نیگەرانییەکانی خەڵک لەم دۆخەی ئێستا و داهاتووی خۆیان، بەڵام چالاکییەکانی خەڵک لە بازاڕەکانی کابوڵی پایتەخت ئاسایی بووەتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە دەستگێڕەکان، خاوەن دووکانەکان و ڕێستورانتەکان ڕۆژانە بەردەوامن لە کار و چالاکییەکانی خۆیان.
ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لە خەڵکی کابوڵ بە گەشبینییەوە لە باشتربوونی ژیانی خۆیان دەڕوانن بەڵام بە لای هەندێکی دیکەوە دیار نییە کە لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە پاش کۆنتڕۆڵکردنی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە، ئەمریکا و سندۆقی نێودەوڵەتی دراو دەستیان بە سەر نزیکەی 10 ملیار دۆلار پارەی ئەم وڵاتەدا گرتووە.
وەزارەتی دەرەوەی حکومەتەکەی تاڵیبانیش لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا داوایکردووە واشنتن بڕیاری ڕاگرتنی ئەو پارەیە هەڵبوەشێنێتەوە./.