بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە درێژەی کار و چالاکییەکانی دەزگای میدیایی جام کوردی بۆ ناساندنی ئاسەوارە مێژووییەکانی وڵاتی ئێران، ئەم جارە نۆرەی قەڵایەکە کە لە ڕووی مێژوویی و تایبەتمەندییەکانیەوە گرنگی و بایەخێکی زۆری هەبووە. قەڵای جەلالەدین لە پارێزگای خۆراسانی باکور کە ساڵانە ژمارەیەک لە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی و بە تایبەت ئەوانەی حەزیان لە بینینی ئاسەوارە مێژووییەکان و نهێنی سەردەمانی پێشووی ئەم وڵاتەیە، بەرەو خۆی ڕادەکێشێت.
لە سەر مێژووی ئەم بینایە و ئەوەی کە سەر بە چ کەسێک بووە، بۆچوونی زۆر هەیە. هەندێک دەڵێن سەر بە جەلالەدینی سەلجوقی و بە لای هەندێکی دیکەوە سەر بە جەلالەدین دامەزرێنەری حکومەتی جەلالییە بووە. بەڵام ئەو بۆچوونەی کە لە ئێستادا ئەگەری دروستبوونی زیاترە، ئەوەیە کە قەڵای جەلالەدین، قەڵایەکی سەربازییە و مێژووەکەی بۆ سەدەی حەوتی کۆچی دەگەڕێتەوە.
دەڵێن پەیوەندی بە سوڵتان جەلالەدینی خواڕەزمشاوە هەیە. بە پێی ئەم بۆچوونەش پێدەچێت کە ئەم قەڵایە لە سەر فەرمانی جەلالەدین و لە کاتی هێرشی مەغولەکان و لە میانەی شەڕ و لەشکرکێشییەکانی سوڵتان جەلالەدین درووست کراوە. لەو کاتەی کە لە پاش مردنی باوکی لە دوورگەی ئابسکون ( ئاشورادەی ئێستا) لە مازندەرانی باکوری ئێرانەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە جوڵەی بە هێزەکانی کرد تا خۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سوپاکەی مەغول ئامادە بکات.
جەلالەدین لە شەڕی دژ بە مەغولەکان سەردانی غەزنەی کرد و پاش چەند سەرکەوتنێک، لە شەڕی لە گەڵ چەنگیزخان لە کەناراوەکانی ڕووباری سند شکستی هێنا. بۆ پەنجاب و سندی هیندستان هەڵهات و حکومەتێکی کاتیی لەوێش دامەزراند. بەڵام هەڵهاتنەکەشی بووە هۆکاری یەکەم هێرشی مەغول بۆ سەر هیندستان. جەلالەدین پاش دوو ساڵ مانەوەی لە هیندستان بە هیوای دووبارەکردنەوەی دەسەڵاتەکەی گەڕایەوە ئێران. پاش دە ساڵی پڕ کێشە و قەیرانی هێرشی سەر عێراق و قەفقاز لە ساڵی 628 ی کۆچی مانگی و لە کاتی هەڵهاتنی لە دەستی مەغولەکان لە کوردستان کوژرا.
ئەم بینایە شەش تاوەری لە بەشە جیاجیاکانیدا هەیە. دەروازەی سەرکیی کەوتووەتە بەشی باشوری بیناکە و لە ڕابردوودا بینایەکی دیکە لە سەر دەروازەکەش هەبووە. بەرزایی تاوەرەکان و دیوارەکانی نزیکەی 12 مەترە. قەڵاکە لە ڕابردوودا دوو یان سێ نهۆم بووە و دەوترێت لە ڕێگای تونێلێکی نهێنییەوە ڕێگای گەیشتنی بە شاری جاجرم هەبووە.
لە باشوری ڕۆژئاوای قەڵاکەوە کانیاوێک هەیە کە بە ناوی جەلالەدین ناسراوە. ئاوەکەی بەرەو باشوری ڕۆژهەڵات بەرەو جاجرم دەڕوات. هەروەها بیرێک بە قووڵایی نزیکەی 3 مەتر لە بەشی ڕۆژئاوای حەوشەی قەڵاکە لێدراوە کە ئاوی پێویستی بۆ دانیشتووانی قەڵاکە دابین کردووە. بە پێی ئەوەی کە قەڵای جەلالەدین لە سەر شاخ و بەرد بونیاد نراوە، لێدانی ئەو بیرە پیشاندەری گرنگی ئیش و کاری ئەندازیاری لەو سەردمەدا بووە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مۆزەخانەی ئەم قەڵایە، چەشنێک شێوازی نمایشی مەزهەبی و نیشتمانییە لە ئێران. لەو نمایشەدا بە وێنە چیرۆکێک نمایش دەکرێت کە ڕووداوەکانی سەردەمی مەغول و کێشە و گرفتەکانی خەڵک بە تایبەت پیاوە ئائینییەکانی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە. لە نهۆمی یەکەمی مۆزەخانەکە، ڕووداوە مێژووییەکانی سەردەمی مەغول و ژیانی جەلالەدین دەگێڕدرێتەوە. تاوەرەکانی ناو ئەم مۆزەخانەیە هەر یەک تایبەتە بە چیرۆکێکی ئەو سەردەمە.
ئەم تایبەتمەندییەش دەرفەتی ئەوە بە گەشتیاران دەدات تا وێڕای بەسەرکردنەوەی بەرزترین بەشەکانی قەڵای جەلالەدین، لە ڕووی مێژوویی، سەربازی و بیناسازییەوە زانیاری زۆریان دەستکەوێت.
ئەم قەڵایە لە 5 کیلۆمەتری ڕۆژئاوای قەزای گەرمەیە و بۆ ئاسوودەیی گەشتیاران پێداویستییەکان دابین کراوە./.