بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەحمود زەهار لە چاوپێکەوتنی کەناڵی المیادین، وتی: بڕیارەکەی بەریتانیا بۆ بە تیرۆریست ناساندنی بزوتنەوەی حەماس، هەوڵێکە بۆ پاڵپشتی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و ڕازیکردنی ئەو ڕژێمە.
ناوبراو وتی: لۆبی زایۆنیستی لە بەریتانیا هاندەری حکومەتی لەندەن بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە بووە.
زەهار لە درێژەدا وتی: سەرکەوتن و دەسکەوتەکانی خۆڕاگری هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و ڕژێمی زایۆنیستی دەکات و بەم هۆیەوە بەریتانیا ئەو بڕیارەی دەرکردووە.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس وتی: ئامانجی بەریتانیا ئەوەیە کە ئەمریکا پەلکێشی وەها بڕیارێک بکات.
وتیشی کە بڕیارەکەی بەریتانیا هیچ کاریگەرییەک لە سەر هێز و توانای بزوتنەوەی حەماس دانانێت./.