بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە سەپاندنی سزانی نوێی ئەمریکا بە سەر 6 کەس و یەک دامەزراوەی ئەم وڵاتە بە بیانووی بێ بنەمای دەستێوەردان لە کاروباری هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم هەوڵەی ئەمریکا لە درێژەی سیاسەتی شکستخواردووی زیاترکردنی گوشارەکانی سەردەمی ترەمپ و هەنگاوێک لە ڕووی لاوازبوونی واشنتن دەزانێت.
ناوبراو وتی: ئەو بیانووەی ئەمریکا کە خۆی مێژوویەکی لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی جیهاندا هەیە، بێ بنەمایە و تەنیا لە پێناو بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی ئەو وڵاتەدایە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ناوی 6 کەس و دامەزراوەیەکی ئێرانی بە بیانووی هەوڵدان بۆ کاریگەری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە خراوەتە ڕیزی سزا و گەمارۆکانەوە./.