بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەیەکی فەرمی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقدا هاتووە کە فڕۆکەیەکی هێڵی العراقیە ژمارەیەک لە کۆچبەرانی سنوری بیلاڕووسیای گەڕاندووەتەوە کە ژمارەیان 430 کەسە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاندووە کە تیمێکی سەر بە وەزارەتی دەرەوە لە بیلاڕووسیا سەرقاڵی ئامادەکردنی دۆسیەی 50 کەسی دیکەیە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ خاکی عێراق.
ئەو وەزارەتە هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە ئیش و کاری پاسپۆرتی 70 کۆچبەری عێراقی بۆ گەڕانەوەیان بۆ ئەم وڵاتە ئامادە کراوە.
هاوکات وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە 10 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی لە هەرێمەوە بۆ بیلاڕووسیا دەستبەسەر کراون. جوتیار عادل ڕایگەیاند کە هەوڵەکان بۆ دەستبەسەرکردنی کەسانی دیکە لەم دۆسیەدا بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆک وەزیرانی پۆڵۆنیا لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لە گەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان، دوایین هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ عێراق تاوتوێ کرد./.