بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گەورەترین توێژینەوەی نێودەوڵەتی لە سەر ئەو کەسانەی کە تووشی پەتای کۆرۆنا بوون، زیاتر لە 200 نیشانەی دەستنیشان کردووە.
ئەو توێژینەوەش پیشان دەدات کە نیشانەکانی کۆرۆنای درێژخایەن، 10 سیستەمی پارچەکانی جەستە بە خۆوە سەرقاڵ دەکات و یەک لە سەر سێی ئەو نیشانانە لانیکەم بۆ ماوەی شەش مانگ کاریگەری لە سەر توشبووەکان دادەنێت.
توێژەران ڕایانگەیاندووە کە زۆربەی ناوەندە پزیشکییەکان گرنگی بە نەخۆشییەکانی هەناسەتەنگی لای توشبووانی کۆرۆنا دەدەن بەڵام کێشە و نیشانەکانی توشبوون بە کۆرۆنا هەیە کە دەبێت لە سەر ئەوانەش کار بکرێت.
ئەوان دەڵێن کە هەندێک لە توشبووانی کۆرۆنا تەنانەت 16 مانگ دواتریش نیشانەکانیان پێوە دەبینرێت.
لە گرنگترینی ئەو نیشانانەش دەتوانین ئاماژە بە هەستکردن بە ماندوبوون بدەین، لاوازی و کێشەی مێشک. هەروەها کێشەی بینایی، لەرزین، پێست، گۆڕینی سوری مانگانەی ژنان، لاوازبوونی سێکسی، زیاتربوونی لێدانی دڵ، دابەزینی ئاستی وریایی، سکچوون و کێشەی گوێش بوونی هەیە.
توێژینەوەیەکی دیکەی نێودەوڵەتی پیشانیداوە کە لە ماوەی توشبوون بە کۆرۆنا، نیشانەکان لانیکەم کاریگەریی لە سەر 9 سیستەمی پارچەکانی جەستە هەبووە. لە سەدا 22 ی ئەو کەسانەی کە لە ڕاپرسییەکەدا بەشدارییان کردووە، ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی نەخۆشییەوە توانای کارکردنیان نەماوە و لە سەر کارەکانیان دەرکراون یان ئەوەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە کارەکانیان دوور خرانەوە، لە سەدا 45 ی دیکەش پێویستیان بە کەمکردنەوەی ماوەی کارکردن هەبووە.
توێژینەوەیەکی دیکە کە لە گۆڤاری The Lancet بڵاو کراوەتەوە، پیشان دەدات کە زیاتر لە 70 هەزار کەس لە بەریتانیا پاش توشبوونیان بە کۆرۆنا بە هۆی کێشەی گورچیلەکانیان براونەتە نەخۆشخانەکان./.