بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناوەندی یەمەنی ” انتصاف ” بۆ کاروباری بەرگری لە مافی منداڵان و ژنان، ڕاپۆرتێکی لە سەر دۆخی منداڵانی ئەم وڵاتە لە ئاکامی شەڕە سەپێندراوەکەی سعوودیە بە هاوکاری ئەمریکا بڵاو کردەوە.
ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاند کە لە سەرەتای هێرشەکانی هاوپەیمانی سعوودیە و ئەمریکا بۆ سەر یەمەن لە مانگی ئاداری 2015 تا تشرینی دووەمی 2021، زیاتر لە 3 هەزار و 825 منداڵ شەهید و 4 هەزار و 157 منداڵی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها ژمارەی ئەو منداڵانەی یەمەنیش کە کەمئەندام بوون، 5 هەزار و 559 کەسە.
لە سەرەتای هێرشەکانی هاوپەیمانی سعوودیە تا ئێستا توشبوونی 71 هەزار منداڵی یەمەنی بە شێرپەنجە تۆمار کراوە و ئامارەکەش بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە.
زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵی یەمەن کێشەی خۆراکیان هەیە و ڕۆژانە زیاتر لە 300 منداڵ بە هۆی برسێتییەوە گیان لە دەست دەدەن.
زیاتر لە 3 هەزار منداڵ پێویستیان بە نەشتەرگەری دڵ هەیە و گەمارۆدانی یەمەن و داخستنی فڕۆکەخانەکانی ئەم وڵاتە بە هۆی هێرشەکانی سعوودیەوە وایکردووە کە زیاتر لە 30 هەزار منداڵ دەرفەتی بردنەوە دەرەوەیان بۆ چارەسەری پزیشکی نەبێت.
2 ملیۆن منداڵی یەمەنی لە خوێندن بێبەش کراون، 500 هەزار منداڵ بە هۆی شەڕەوە بە تەواوی وازیان لە خوێندن هێناوە.
ئەو ڕێکخراوە یەمەنییە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا هەر یەک لە سعوودیە و ئەمریکای بە بەرپرسی ئەم دۆخە ناو بردووە و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی هێرش و گەمارۆکان و کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعای کردووە./.