بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە سەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەر دوو وڵات کردەوە و بە ئاماژە بەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە گەڵ گەل و حکومەتی عێراقدایە، وتی: یەکڕیزی و یەکپارچەیی خاکی عێراق بابەتێکی ستراتیژییە و نابێت زیانی پێبگات.
ناوبراو وتی: دوژمنانی گەلانی ناوچەکە، ئاسایش، سەقامگیری و پێشکەوتنی گەلی عێراقیان ناوێت و بە پیلانگێڕی بەردەوام هەوڵی مسۆگەربوونی ئامانجەکانی خۆیان دەدەن، هەر بۆیە هەمووان دەبێت لە بەرامبەر ئەم پیلانگێڕییانەدا ووشیار بن.
ڕەئیسی بەکارهێنانی سەرجەم دەفرایەتییەکانی بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری عێراق بە پێویست ناو برد و وتی: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەسکەوتێکی گرنگە لە پێناو دیاریکردنی چارەنووسی عێراق لە لایەن خەڵکەکەیەوە و بەردەوام جەختمان لە سەر مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینی گەلان لە ڕێگای سندۆقەکانی دەنگدانەوە کردووەتەوە و لەم پێناوەشدا لە پرۆسەی سیاسی بە شێوازی یاسایی و شەفاف پاڵپشتی دەکەین.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش وێڕای دەستخۆشی لە پاڵپشتی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە عێراق، بەردەوام لە سەر جێگیربوونی ئاسایش و سەقامگیری بووە./.