بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی تەلەفوونیی لە گەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا بە ئاماژە بە هەڵوێست و بۆچوونی هاوبەشی هەر دوو وڵات لە پرسە دووقۆڵییەکان، ناوچەیی و نێودەوڵەتی، جەختی لە سەر پێویستی واژۆکردنی ڕێکەوتنی گشتگیری هاوکارییە درێژخایەنەکانی تاران و مۆسکۆ کردەوە.
ناوبراو ئیرادەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ ڕووسیا وەبیرهێنایەوە و وتی: ئامادەین ڕێکەوتنی هاوکاری گشتگیری هەر دوو وڵات واژۆ بکەین تا ڕەوتی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری و پەیوەندییەکان بە خێرایی جێبەجێ بکرێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە تاران و مۆسکۆ لە زۆربەی پرسە تایبەتەکانی ناوچەکە و جیهان بۆچوون و تێڕوانینی هاوبەشیان هەیە، وتی: بوونی بێگانەکان لە سوریا بە پێچەوانەی خواستی گەل و حکومەتی سوریا و بە نایاسایی دەزانین لە بەر ئەوەی کە هەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیری ئەم وڵاتە دەکات.
ڕەئیسی سەبارەت بە ئەفغانستانیش وتی: بوونی داعش لە ئەفغانستان بە هەڕەشەیەک لە سەر ئەم وڵاتە و ناوچەکە دەزانین و دەبێت لە بەرامبەر مەترسییەکانی ئەم پیلانگێڕییە ووشیار بین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ستایشی هەڵوێستی ڕووسیای لە دۆسیەی ناوەکیدا کرد و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە دانوستانەکاندا جیدییە و بەم ڕێژەیەش لە دابینکردنی مافی گەلەکەی و هەڵگرتنی گەمارۆکان جیدیبوونی خۆی پیشان دەدات.
سەرۆک کۆماری ڕووسیاش ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بایەخ بە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان لە گەڵ ئێران دەدات.
ڤلادیمیر پوتین بە ئاماژە بە هاوکارییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران بە تایبەت لە دۆسیەی سوریا، وتی: بە هەوڵی هاوبەش سەربەخۆیی سوریامان پاراست و ناوەندی تیرۆریستان لەم وڵاتەدا لە ناو براوە، ئەڵبەت دەبێت هاوکاری نزیکی خۆمان بە تایبەت لە بوارە جیاجیاکانی ناوچەکە درێژەپێدەر بین.
ناوبراو هیوای خواست کە لە دانوستانەکانی داهاتووی ڤیەننا، لایەنەکان، ئیرادەی سیاسی پێویستیان بۆ گۆڕینی ئەم هەلومەرجەی ئێستا هەبێت./.