بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن کازمی قومی نێردەی تایبەتی ئێران بۆ کاروباری ئەفغانستان لە یەکەم سەردانی فەرمی خۆی بۆ کابوڵ لە گەڵ وەزیری دەرەوەی حکومەتی تاڵیبان کۆبووە.
ناوبراو لە کۆبوونەوەی ئەمیرخان موتەقی وەزیری دەرەوەی حکومەتی تاڵیبان، وتی: ئێران و ئەفغانستان خاوەنی مێژوویەکی هاوبەش و پەیوەندییەکی بەهێزن و کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کات خەڵکی ئەفغانستان بە تەنیا ناهێڵێتەوە.
ئەمیرخان موتەقی وەزیری دەرەوەی حکومەتی تاڵیبانیش لەو کۆبوونەوەدا بە ئاماژە بە کێشەکانی ئێستای ئەفغانستان هیوای خواست کە ئەو کێشانە لە داهاتوویەکی نزیکدا چارەسەر بکرێن.
بەرپرسە ئێرانییەکە لە کاتی گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی کابوڵ وتی کە ژمارەیەک لە وڵاتان هەوڵی شەڕی بە وەکالەت لە ئەفغانستان دەدەن، ئێمە ڕووداوەکانی ئەفغانستان تاوتوێ دەکەین تا بەوە بگەین چۆن هەماهەنگییەک لە نێوان وڵاتان سەبارەت بە ئەفغانستان دابین بکرێت.
کازمی قومی وتی کە ئێران ڕێز لە داواکارییەکانی خەڵکی ئەفغانستان دەگرێت./.