بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەیس خزعەلی لە کۆبوونەوەی لە گەڵ جنین هنیس پلاسخارت، کۆمەڵە هۆکار و بەڵگەی ساختەکاری و دەستکاریکردنی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق ڕوون کردەوە.
هاوپەیمانی فەتح کە عەسائیب وەک بەشێکی چالاکی دەکات، پێشتر پلاسخارتی بە بەکارهێنانی پێگەکەی بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمەتبار کردبوو.
لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی خزعەلیدا هاتووە کە هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە گرنگترین پرسە سیاسییەکانی عێراق بە تایبەت دۆسیەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و لێکەوتەکانی وتووێژیان کردووە.
هەر بە پێی بەیاننامەکە، خزعەلی کۆمەڵە هۆکار و بەڵگەی پێویستی لە سەر ساختەکاری و دەستکاریکردنی دەنگەکان ڕوون کردووەتەوە.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا ڕەخنەی لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گرت و وتی کە چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە سیاسییەکانی شێعە درێژە بە هەوڵە یاساییەکانیان لە سەر ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەدەن.
ناوبراو داوای لە نێردەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە لە کێشەکانی ئێستای عێراق بێلایەن بێت و ڕێگری لە خوڵقاندنی قەیرانێکی گەورەی سیاسی لەم وڵاتەدا بکات.
پلاسخارتیش ڕایگەیاندووە کە لێدوان و بەڵگەکانی قەیس خزعەلی تاوتوێ دەکرێت./.