بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو پیاوە ناوی دانتە شارپە کە لە ماوەی 24 ساڵی ڕابردوو بەردەوام ناڕەزایەتیی لە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگا دەردەبڕی و جەختی لەوە دەکردەوە کە هیچ تاوانێکی نەکردووە.
قایمقامی ویلایەتی کارۆلینای باکور پاش 24 ساڵ ئەو پیاوەی بە بێ تاوان ناساند و فەرمانی ئازادکردنی بۆ دەرکرد. ئێستا دانتە شارپ دەتوانێت داوای 750 هەزار دۆلار قەرەبوو لە دەزگای دادوەری ئەمریکا بکات.
شارپ لە ساڵی 1995 لە کاتێکدا تەنیا 19 ساڵ تەمەنی بوو، بە تۆمەتی کوشتنی جۆرج ڕادکلیف سزای زیندانی هەتا هەتایی بە سەردا سەپا بەڵام بەردەوام بێ تاوانیی خۆیی دووپات دەکردەوە.
ناوبراو ڕۆژی هەینی ڕابردوو پاش گەیشتنی هەواڵی ئازادیی ڕایگەیاند کە تووشی شۆک بووە.
سزاکەی شارپ پشتی بە کچە شایەتحاڵێکی تەمەن 15 ساڵە دەبەست کە سەرەتا ڕایگەیاندبوو لە کاتی ئەو تاوانەدا ناوبراوی بینیوە بەڵام دواتر لە وتەکانی خۆی پاشگەز بوویەوە و ڕایگەیاند لە سەر داوای پۆلیس وای وتووە.
دانتە شارپ دەزگای دادوەری ئەمریکای بە گەندەڵ ناو برد و ڕایگەیاند کە پاش ئاهەنگی ئازادبوونی لە گەڵ بنەماڵەکەی، دەیەوێت یارمەتیدەری ئەو کەسانە بێت کە بە بێ هیچ تاوانێت لە زیندانەکانی ئەمریکادان./.