بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەمەد بن جاسم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: ئەوەی کە لە سودان ڕووی داوە، بەداخەوە یەکێک لە یەکەم ئەنجامەکانی پیلانگێڕی، هەماهەنگی و هاوکاری نێوان ئیسرائیل و وڵاتێکی عەرەبییە.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند: ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتە عەرەبییە لای وڵاتانی ڕۆژئاوا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە گۆڕانکاریی لە سیاسەتەکانیدا کردووە و تەنیا بیر لە ئابوری و گەشەسەندن دەکاتەوە.
سەرۆک وەزیرانی پێشووی قەتەر ڕایگەیاند: ئامانجی من لێرەدا گێڕانەوەی هەواڵەکان نییە بەڵکوو دەمەوێت بڵێم کە دەبێت ڕێز لە خواستی خەڵک بگرین و پاڵپشتی لەوان بکەین و نابێت سیاسەتەکانی خۆمان بە سەر خەڵکدا بسەپێنین.
ئەگەرچی حەمەد بن جاسم ئاماژەی بە ناوی ئەو وڵاتە عەرەبییە نەداوە بەڵام زنجیرە تویتەکانی ناوبراو هاوکاتە لە گەڵ نزیکبوونەوەی بەرچاوی ئیمارات و ڕژێمی زایۆنیستی پاش واژۆکردنی ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ئەیلولی ساڵی 2020./.