بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تەماتە بە خواردنێک دادەنرێت کە کۆمەڵە سوودێکی تەندرووستیی هەیە و بۆ ئەوانەی کە ویستی لاوازبوون و دابەزینی کێشی جەستەیان هەیە زۆر کاریگەر دەبێت. تەماتە هەڵگری ڕێژەیەکی زۆر پتاسیۆم، مس، فسفۆڕ، مەنیەزیۆم و مەنگەنزە.
ڤیتامین C مادەیەکی وزەبەخشە بۆ پاراستنی تەندرووستی بە تایبەت لە ژنانی دووگیان. تەماتە لە زانستی گیاناسیدا وەک میوە دەناسرێت بەڵام لای جوتیاران لە ڕیزی سەوزەکاندایە.
لە تایبەتمەندییەکانی خواردنی تەماتە دەتوانین ئاماژە بە ڕێگریکردن و چارەسەرکردنی جۆرەکانی نەخۆشیی شێرپەنجە، هاوسەنگکردنی پەستانی خوێن، دابەزینی کێش، باشترکردنی تەندرووستی پێست و قژ، بەسوود بۆ ژنانی دووگیان، دابەزاندنی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ، بەهێزکردنی دڵ، نەهێشتنی کاریگەرییەکانی جگەرەکێشان، باشترکردنی ئاستی بینایی، بەهێزکردنی کرداری هەرس، دابینکردنی خەوێکی ئاسوودە، باشترکردنی جوڵەی ماسولکەکان، کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیی شەکرە، بەهێزکردنی ئێسک، بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە، دابەزینی هەوکردنی جەستە، بەهێزکردنی مێشک و باشتربوونی تەندرووستی جگەر و … بدەین.
لە سەدا 95 ی تەماتە ئاوە و ئەو لە سەدا 5 ی دیکەی لە فیبر و کاربۆهیدراتەکان پێک دێت. تەماتە ڕێژەیەکی بەرچاو لە ڤیتامینەکانی K، C، A و گرووپی ڤیتامینەکانی B تێدایە. ئەم خواردنەش پێکهاتەیەکی دەوڵەمەندە و بۆ تەندرووستی و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە کاریگەری زۆری هەیە.
جگەرەکێشان زۆر جار هۆکاری توشبوونە بە شێرپەنجەی سییەکان و تەماتە دەتوانێت ڕێگری لەم نەخۆشییە بکات. تەماتە بە هۆی ئەوەی کە ئەسید فولیکی هەیە دەتوانێت ڕێگری لە سترێس و دڵەڕاوکێ بکات یان لە ناویان ببات.
تەماتە هەروەها ڕێژەیەک لە فیبری تێدایە و ئەمەش پەستانی خوێن کەم دەکاتەوە، هەوکردنی ڕیخۆڵەکان ناهێڵێت و کۆکردنەوەی چەورییەکانیش نامێنێت و بەمەش لە دابەزاندنی کێشی جەستە یارمەتیدەر دەبێت.
تەماتە لە ڕیزی ئەو خواردنانەدایە کە کالۆری کەمتریان هەیە و ئەمەش چەوری لە جەستەدا کەم دەکاتەوە، هەر بۆیە ئەو کەسانەی ویستی دابەزاندنی کێش و لاوازییان هەیە، بەردەوام ڕۆژانە تەماتە بەکار بێنن. هەروەها بوونی ڤیتامین C ی تەماتە دەتوانێت هەوکردنی جەستە نەهێڵێت و بە هۆی دەوڵەمەندبوونی بە جۆرەکانی ڤیتامین و مادە وزەبەخشەکان، دەتوانێت لە سەدا 40 ی ڤیتامین C ی پێویست بۆ جەستە دابین بکات.
پرۆتینی ناو تەماتە بۆ بەهێزبوونی ماسولکەکانیش بەسوودە. ئاگزێما و پسۆریازیس دەبنە هۆکاری دروستبوونی کڕێشی سەر، هەر بۆیە خواردنی تەماتە دەتوانێت باشتربوونی تەندرووستی پێست و قژی بە دواوە بێت و لە ئاکامدا ڕێگری لە کڕێشی سەریش بکات./.