بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئۆسامە حەمدان لە سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس وتی کە ئێمە هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ سەرجەم وڵاتان و لایەنەکانی جیهانی ئیسلام دەدەین و لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پەیوەندییەکان لە باشترین قۆناغی خۆیدایە.
ناوبراو لە وتووێژی لە گەڵ پێگەی عەرەبی 21 وتی کە حەماس پلانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتان و لایەنە ئیسلامییەکان هەیە و بنەما و پێوەری ئەمەش خزمەتکردنە بە دۆسیەی فەڵەستین.
حەمدان وتی: هەمووان دەزانن کە ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لە گەڵ تاران هەیە و ئەم پەیوەندییەش لە ئێستادا لە باشترین قۆناغی خۆیدایە و ئێران لە هەر ڕوویەکەوە پاڵپشتی لە فەڵەستین دەکات.
ئەو سەرکردەی بزوتنەوەی حەماس سەبارەت بە پەیوەندییەکان لە گەڵ میسر وتی: پەیوەندییەکانی حەماس و میسر گرنگی تایبەت بە خۆیی هەیە و لە ئێستادا پەیوەندییەکی باشمان لە گەڵ ئەو وڵاتەش هەیە.
وتیشی کە هەوڵەکانی میسر بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی لە فەڵەستین بەردەوامە بەڵام کێشەکە لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکانە لە گەڵ مەحمود عەباس، لە بەر ئەوەی کە لە دۆسیەی هەڵبژاردنەکان، داڕشتنەوەی پێکهاتەی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین و پێکهێنانی ئەنجومێکی نیشتمانی گەیشتینە ڕێکەوتنە بەڵام هەمووان دەزانن کێ بووە هۆکاری پەکخستنی ڕێکەوتنەکان./.