بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە چاوپێکەوتنی کەناڵی جزیرە بە گومانەوە سەیری گێڕانەوەی ڕاستییەکانی دۆسیەی تیرۆری مستەفا کازمی کرد و وتی: بە بۆچوونی من کە دەستێکی سێهەم لەو هێرشەدا هەبووە و ئەویش بە هەماهەنگی ئەمریکا و لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کراوە.
ناوبراو وتی: بەم بۆنەوە داوای لێکۆڵینەوەی وردم لە سەر ڕووداوەکە کردووە.
خزعەلی هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆک وەزیرانی وەک هێرشی سەر پرۆسەی سیاسی عێراق ناو برد و وتی: تۆمەتبارکردنی ئەم و ئەو قبووڵ ناکەین و دەبێت لە سەر ئەم دۆسیەیە لێکۆڵینەوە تەواو بکرێت.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق وتی: ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستکاری کراوە و ئامانجەکەشی ئەوە بووە کە لایەنێک بە جیاوازییەکی زۆرەوە بکرێتە براوەی هەڵبژاردنەکان.
وتیشی کە یەکێک لە بژاردەکانی عەسائیب داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانە و ئەنجامەکانی ئێستا قبووڵ ناکرێت و بیر لە بژاردەکانی وەک بایکۆتی پرۆسەی سیاسی دەکاتەوە./.