بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە سیاسییەکانی شێعە پاش کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و فایەق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی گرنگی وەک هێرشی سەر خۆپێشاندەران، هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆک وەزیران و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تاوتوێ کراوە.
بەیاننامەکە ڕایگەیاندووە کە ئامادەبووان وێڕای ئیدانەکردنی هێرشی سەر خۆپێشاندەران و پێویستی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان، جەختیان لە سەر ڕادەستکردنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە کردووەتەوە.
ئەوان هەروەها هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆک وەزیرانیان ئیدانە کرد و جەختیان لە سەر تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و زیادکردنی تیمێکی پسپۆڕ بۆ زانیاری ورد لە سەر ڕەهەندە جیاجیاکانی ئەو تاوانە و سزادانی ئەنجامدەرانی کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئامادەبووان جەختیان لە سەر دابەزاندنی ئاڵۆزییەکان و ڕاگرتنی هێرشە میدیاییەکان لە سەرجەم لایەنەکان و گەیاندنی پەیامی دڵنیاکەرەوە بە خەڵک کردووەتەوە.
بەیاننامەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە سەرجەم کێشە و ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی یاسایی و سیاسیدا چارەسەر بکرێت./.