بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی سەفەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری دیپلۆماسی ئابوری لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر لە گەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووە.
لەو کۆبوونەوەدا کە نەسروڵڵا ڕەشنودی سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر ئامادەی بوو، سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا بە تایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانی بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کرا.
گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکەی نێوان سەفەری و بارزانی بوو.
کۆبوونەوە لە گەڵ هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری دیپلۆماسی ئابوری دواتر سەردانی سلێمانی کرد و لە گەڵ هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبووە.
کۆبوونەوەکەی نێوان مەهدی سەفەری و بافڵ تاڵەبانی بە ئامادەبوونی مەهدی شوشتەری سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی بەڕێوەچوو و تێیدا جەخت لە سەر بەرفراوانکردنی هاوکاری ئابوری و بازرگانی نێوان هەر دوو لا کرایەوە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات.
سەفەری و تاڵەبانی هەروەها پێویستی لێک تێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کارئاسانی زیاتر بۆ بازرگانان و سەرمایەدارانیان دووپات کردەوە./.