بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وتی: تاران ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات و بەردەوام جەخت لە سەر پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەکاتەوە.
ناوبراو لە سەر ئەو پیلانگێڕییانەی کە ئاسایش و پێشکەوتنی عێراقیان کردووەتە ئامانج، هۆشدارییدا و وتی: ئەو کردەوانە لە پێناو بەرژەوەندی ئەو لایەنانەیە کە لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوو دەسدرێژییان کردووەتە سەر سەقامگیری، ئاسایش، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی عێراق و بە پێکهێنانی گرووپە تیرۆریستییەکان و ئاژاوەگێڕی، لە هەوڵی مسۆگەرکردنی ئامانجە ڕەشەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا بوون.
خەتیب زادە خۆشحاڵی خۆیی بۆ تەندرووستی مستەفا کازمی دەربڕی و وتی: گەل و حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە یەکڕیزی و پێکەوەبوونی خۆیان، گەشە و پێشکەوتنی وڵاتەکەیان دابین بکەن./.