بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ڤیەننایان تاوتوێ کرد.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وێڕای دەستخۆشی لە هەڵوێستی ڕووسیا بەرامبەر بە دۆسیەی ناوەکی ئێران، جەختیکردەوە کە تاران لە دانوستانەکانی داهاتوو بە هێزەوە داواکارییەکانی خۆی بەرەوە پێش دەبات.
ناوبراو وتی کە ئێران بە جیدی پێ دەنێتە دانوستانەکانەوە و داوای ئەوەش دەکات کە سەرجەم لایەنەکان پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان بن.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی کە بەرەوپێشچوونی خێرای دانوستانەکان پێویست بەوە دەکات کە وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا وێڕای وازهێنان لە هەندێک سیاسەتی هەڵەی خۆیان، پابەندی ئەو بەڵێنانەی بن کە واژۆیان لە سەر کردووە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش جەختی لە سەر گرنگی ڕێکەوتنی ناوەکی کردەوە و وتی کە سەرجەم لایەنەکان بە تایبەت ئەمریکا لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێت بۆ بەڵێنەکانی خۆیان بگەڕێنەوە.
لاوڕۆڤ وتی کە مۆسکۆ بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا دەبێت واز لە هەنگاوە تێکدەرانەکانی لە بەرامبەر ڕێکەوتنی ناوەکی بێنێت.
دانوستانەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی 1+4 بڕیارە 29 ی ئەم مانگە لە ڤیەننا بەڕێوە بچێت./.