بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جراد کۆشنەر ڕاوێژکار و زاوا جولەکەکەی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و سعوودیە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ شەممە لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە کۆشنەر لە گەڵ بەرپرسانی سعوودیە بە تایبەت بن سەلمان سەبارەت بە دابینکردنی هاوکاری هاوبەشی سەرمایەگوزاری کۆبووەتەوە.
ئەو هاوکارییەش بۆ هاندانی کاروباری ئابوری و سەرمایەگوزارییە لە نێوان سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی.
سەرچاوەکانی ڕۆیتەرز ڕایانگەیاندووە کە کۆشنەر پلانی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارسی داڕشتووە.
ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە داوە کە کۆمپانیای نێودەوڵەتی Affinity Partners ویستی زایدکردنی دوو هاوبەشی گەورەی بۆ گرووپەکەی خۆی هەیە. ئەڵبەت ئاماژە بە ناوی سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی وەک ئەو دوو هاوبەشە نەدراوە.
زاوا جولەکەکەی ترەمپ لە ماوەی سەرۆکایەتی چوار ساڵەی ناوبراو زیاترین هەوڵیدا کە ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سودان واژۆ بکرێت.
کۆشنەر پەیوەندییەکی نزیکی لە گەڵ بن سەلمان و بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی هەیە و سەرچاوەکانی ڕۆیتەرز ڕایانگەیاندووە کە سعوودیە لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدایە کە دەبێتە بەشێک لە ڕێکەوتنی ئابراهام بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ تەل ئەبیب./.