بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیبراهیم کاڵین وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، گواستنەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس 400 ی بۆ بنکەی ئینجەرلیک لە باشوری ئەم وڵایە بە درۆ خستەوە.
ناوبراو وتی: شتی وا ڕووی نەداوە و پرسی ئێس 400 لە چوارچێوەی دیاریکراوی خۆیدا هەنگاو دەنێت و ڕەهەندی ئەمنی و تەکنیکیی هەیە و لە لایەن وەزارەتی بەرگرییەوە بەڕێوە دەبرێت و هیچ شتێکی نوێی لە سەر نییە.
کاڵین سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکاش وتی کە ئەردۆغان و بایدن ڕێکەوتوون کە پەیوەندییەکان بخرێنەوە چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان هەر دوو وڵاتەوە.
وتیشی کە ئەگەری گۆڕینی دۆسیەی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 35 بە فڕۆکەی ئێف 16 لە لایەن ئەمریکاوە هەیە و تا ئێستاش حکومەتی ئەمریکا تێڕوانینی ئەرێنیی لە سەر ئەم پرسە هەبووە.
وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا سەبارەت بە سوریاش وتی کە هۆکاری سەرەکی ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا لەم وڵاتە، دابینکردنی ئاسایشی سنورەکانە، بە تایبەت لە بەرامبەر هێرشەکانی کوردانی سوریا، حکومەتی دیمەشق، پەکەکە و داعش.
ناوبراو وتی کە گرنگی بە پاراستنی هێڵی سنوریی نێوان تورکیا و سوریا بە درێژایی 911 کیلۆمەتر دەدەین و لە بەرامبەر هەر هێرشێک لە هەر لایەکەوە بێت وەڵامی پێویستمان دەبێت./.