هێمن باقر، مامۆستای زانکۆ، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە دوایین دۆخی سیاسی عێراق لە پاش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10 ی تشرینی یەکەمی 2021 و چۆنیەتی بەشداریکردنی کورد، وتی: لەم خولەی پەرلەمان وەک خولی ڕابردوو کورد ناتوانێت بە یەکگرتوویی بچێتە بەغدا، هۆکارەکەشی بۆ کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و لێکترازانی نێوان حیزبەکان دەگەڕێتەوە، ئەو ناکۆکی و ڕا جیاجیایەی لە نێوان حیزبە کوردییەکاندا هەیە، وایکردووە کە کورد ئەمجارەش نەتوانێت بە یەک تیم و بە یەک بەرنامەی هاوبەش بچێتە بەغدا.
ناوبراو وتی: یەکگرتوویی کورد لە بەغدا پەیوەندیی بە ئاشتەوایی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستانەوە هەیە کە لە ئێستادا ئەوە بوونی نییە و ئەمجارەش لایەنە کوردییەکان بە جیا بەشداری لە دانوستانەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا دەکەن و ئەنجامەکەشی بە زیانی کورددا دەشکێتەوە.
سەرنووسەری ماڵپەڕی دیپلۆماتیک مەگەزین لە درێژەدا لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک دوو لایەنی سەرەکی کوردی بە لای کام بەرەی شێعەکاندا دەڕۆن، وتی: پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان جۆرێک لە لێک تێگەیشتن و ڕێکەوتن لە نێوان پارتی و سەدرییەکاندا هەبووە، یەکێتیش بە هەمان شێوە لە گەڵ هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا، بەڵام دۆخی پاش هەڵبژاردنەکان جیاوازە، ڕاستە کە سەدرییەکان لە ڕووی ژمارەی کورسییەکانەوە یەکەمی عێراقن بەڵام ناتوانن تەنیا لە سەر حسێبی ژمارەی کورسییەوە بە تەنیایی حکومەتی نوێی ئەم وڵاتە پێک بێنن، پارتیش ناتوانێت بە تەنیا خۆی بخاتە بەرەی سەدرییەکان لە بەر ئەوەی کە لە ڕووی هەرێمایەتییەوە ئەو حیزبە دەخاتە دۆخێکی خەراپەوە و بە دڵنیاییەوە کە پارتی نایەوێت لە دۆخێکی وەهادا بێت.
هێمن باقر جەختیکردەوە کە باشترین بژاردە بۆ پارتی و یەکێتی ئەوەیە کە چاوەڕێی ڕێکەوتنی نێوماڵی شێعەکان بکەن و ئەو کات دەتوانن بچنە ناو دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقەوە، کورد و سوننەش نایانەوێت ببنە لایەنێک لەو ململانێ ناوخۆییەی نێوماڵی شێعە.
ناوبراو سەبارەت بە حیزبە بچووکەکان و ئۆپۆزسیۆنیش لە داهاتووی حکومەتی عێراقدا وتی: یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی حکومڕانی عێراق ئەوەیە کە هەموو کات بەرەیەکی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن بوونی نەبووە، هەندێک جار سەدرییەکان لە دەرەوەی حکومەت ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام ئەمجارە ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتاری سەربەخۆ و کوتلەی نوێی پەرلەمانی هەیە کە نایانەوێت بەشداری لە حکومەتدا بکەن و وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە، کەسایەتییە سەربەخۆکان، تشرینییەکان و لە کوردستانیش نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد