بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەیر نییە کە کاتێک کەسێک تووشی نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجە یان نەخۆشییەکانی دیکەی جەستەیی دەبێت هاوکات تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێش دەبێت، بەڵام پێچەوانەی ئەمەش ڕەنگە ڕوو بدات، خەمۆکی و دڵەڕاوکێی زۆر، دەتوانێت نەخۆشییەکی جەستەیی زیاتر بکات یان تەنانەت باشتربوونی تێک بدات.
لە جەستەی مرۆڤدا ناتوانین نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکان لێک جیا بکرێنەوە، لە پیشەی پزیشکیدا لە نێوان ئەم دوو جۆرە نەخۆشییەدا جیاوازی دادەنێن بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە نەخۆشییە جەستەییەکان دەگەنە نەخۆشییە دەروونییەکان و بە پێچەوانەوە نەخۆشییە دەروونییەکانیش لێکەوتەی جەستەییان هەیە. مێشک و جەستە وەک شەقامێکی جووت سایدن، ئەوەی کە لە مێشکی کەسێکدا دەگوزەرێت دەتوانێت ئاسەواری ڕۆخێنەری لە سەرتاسەری جەستە و هەروەها بە پێچەوانەوە هەبێت. نەخۆشێکی دەروونی چارەسەرنەکراو دەتوانێت مەترسی توشبوون بە نەخۆشییە جەستەییەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە و نەخۆشییە جەستەییەکانیش ڕەنگە بگەنە ئەو هەڵسووکەوتانەی کە دۆخی دەروونی بەرەو خەراپتربوون دەبەن.
لەو توێژینەوە پزیشکییانەی کە دۆخی نەخۆشەکانی توشبووی شێرپەنجەی مەمکی تاوتوێ کردووە، ڕوون بووەتەوە کە ئەو ژنانەی کە خەمۆکییان بەرەو دابەزین بووە، زیاتر لەوانەی کە ڕێژەی خەمۆکییەکەیان زۆرتر بووە تەمەندرێژتر بوون و بە زیندوویی ماونەتەوە. جەستە کاردانەوەی لە بەرامبەر سترێس و کێشەی دەروونی هەیە، وەک دەڵێی کە دڵەڕاوکێ و سترێس جەستەییە. بە هەبوونی ئەم بەڵگانە، هێشتا کێشە دەروونییەکان لە لایەن پزیشکانەوە هێندە لە بەرچاو ناگیرێن. پزیشکێک بۆ نەخۆشییەکانی جەستە وەک دڵ یان شەکرە دەرمانی پێویست و چارەسەری هەیە بەڵام پێی سەیرە کە بۆ هەندێک لە نەخۆشەکان لە جێی باشتربوون بەرەو خەراپتربوون دەڕۆن.
بەشێکی زۆری خەڵک هێندە خواستی چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکانی خۆیان نییە. هەندێک لەو کەسانە تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بوون ڕەنگە ترسیان لە کاردانەوە کۆمەڵایەتییەکانی هەبێت، تەنانەت ئەگەر بزانن کە کێشەیەکی جیدیی دەروونییان هەیە، هەوڵ دەدەن خۆیان لە خەڵک بشارنەوە کە ئەمەش تەنیا زیانی نەخۆشییەکەیان زیاتر دەکات.
خەمۆکی و دڵەڕاوکێ جەستە نەخۆشتر دەکەن:
کێشە دەروونییەکان لانیکەم لە سەدا 20 ی بەتەمەنەکانی ئەمریکای خستووەتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، ئەمەش بەو مانایە دەبێت کە ملیۆنان کەس لە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییانەدان. کاتێک دڵەڕاوکێتان هەیە، مێشک بە دەرکردنی مادەی کۆرتیزۆڵ، کە چەشنێک سیستەمی هۆشداریی ناوخۆییە، کاردانەوەی دەبێت. بە زیاتربوونی هەناسەدان، زیاتربوونی لێدانی دڵ و گەیشتنی خوێن لە پارچەکانی گەدەوە بۆ ئەو ماسولکانەی کە بۆ هەڵهاتن لە مەترسی یارمەتیدەر دەبن، جەستە ئامادەیی هەڵهاتن یان بەرگریی دەبێت. ئەم هەنگاوانەش پیشاندەری گواستنەوەی ئەدرناڵین و نوراپی نفرینە کە سیستەمی دەماری سەمپاتیک هان دەدات و جەستە لە ئاستێکی باڵای ئامادەباشیدا دەهێڵێتەوە. بەڵام بەردەوامی ئەمەش ڕەنگە بگاتە سەرهەڵدانی چەندین جۆرە نەخۆشی جەستەیی، وەک نەخۆشییەکانی کرداری هەرس، جومگەکان، سکچوون و زیاتربوونی مەترسییەکانی جەڵتەی دڵ یان مێشک.
خەمۆکی دەتوانێت کاریگەری ڕۆخێنەری لە سەر تەندرووستی جەستەیی هەبێت. لە کاتێکدا کە هەستکردن بە خەمۆکی هەندێک کات ئاساییە، بەڵام زیاتر لە سەدا 6 ی بەتەمەنەکان بەردەوام هەست بەو خەمۆکییە دەکەن کە لە ئەنجامی ئەمەش کەسەکە پەیوەندییە کەسێتییەکانی بە تێکچوو دەبینێت. توێژینەوەیەک لە سەر 1204 ژن و پیاوی کۆریای باشور کە سەرەتا لە ڕووی خەمۆکی و دڵەڕاوکێوە پشکنینی پێویستیان بۆ کرا، پیشانی داوە کە دوو ساڵ پاش ئەوە، ئەو کێشە دەروونییە مەترسی توشبوونی بە نەخۆشییە جەستەییەکانی لەو کەسانەدا زیاتر کردووە. دڵەڕاوکێ بە تەنیایی بە نەخۆشییەکانی دڵ و خەمۆکی بە تەنیایی بە نەخۆشی ڕەبۆ و هەر دووی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی پێکەوە دەتوانێت بگاتە نەخۆشییەکانی چاو، کۆکەی بەردەوام، ڕەبۆ، پەستانی خوێن، نەخۆشییەکانی دڵ و کرداری هەرس.
ئەگەرچی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بەردەوام بە دەرمان و شێوازی تایبەت چارەسەر دەکرێت بەڵام ئەگەر دەرمان و چارەسەر نەبێت، دۆخەکە بەرەو خەراپتربوون دەڕوات. دەرمان و چارەسەرەکەش کاتێک کاریگەری باشتری دەبێت کە پزیشکان لەو گوشارانە تێبگەن کە کاریگەرییان لە سەر هەڵسووکەوتی نەخۆشەکان دەبێت./.