بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید هاشم سەفییەدین سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حیزبوڵڵای لوبنان وتی: بەشێکی زۆری هێرش و گوشارە سیاسی و ئابورییەکانی سعوودیە و نیگەرانییەکانی محەممەد بن سەلمان بۆ ئازادکردنی پارێزگای مەئربی یەمەن بە دەستی هێزەکانی ئەنساروڵڵا دەگەڕێتەوە.
ناوبراو وتی: ناتوانین بڵێین کە ئەم هەموو کێشە و ئاڵۆزییەی سعوودییەکان تەنیا بە هۆی لێدوانێکی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنانەوە بووە.
هاشم سەفییەدین وتی: ئەوەی کە لە سعوودیە ڕوو دەدات، ڕووداوێکی گەورەیە، لە بەر ئەوەی کە سعوودیە و بە گشتی وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس کە پێیان ناوەتە ڕێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، لە داهاتوودا ناتوانن دەنگی ڕەخنەی لوبنان و وڵاتانی دیکە لە بوونی پەیوەندییەکانی ڕیاز و تەل ئەبیب ببیستن، ئەوەش لە داهاتوودا ئاشکرا دەبێت.
ئەو بەرپرسەی حیزبوڵڵا وتی: محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێدایە و پاش کەوتنی مەئرب ڕوبەڕوی کێشەی جیدی دەبێتەوە، ئەوەش کە دژ بە لوبنان دەیکات بۆ بەلاڕێدابردنی سرنجی خەڵکە لە سەر ڕووداوەکانی یەمەن.
وتیشی کە سعوودیە و لایەنەکانی سەر بەم وڵاتە لە لوبنان بەردەوام هەوڵی ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆییان داوە بەڵام ئێمە بەردەوام لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕێگری لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆییداین./.