بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆبات شەرەف کاروانسەرایەکە کە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێران و لە نزیک 45 کیلۆمەتری شاری سەرەخس لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەویدایە. بە گشتی ناوی ڕۆبات بۆ ئەو کاروانسەرایانە بەکار هاتووە کە زیاتر شوێنی مانەوەی چوارپێکان و ئەسپەکان بووە. ئەو کاروانسەرانە بەدەر لە حەوز و ئاو، ژووری زۆریشیان هەبوو کە کاروانییەکان دەیانتوانی یەک یان چەندین شەو تێیاندا بمێننەوە. هەر بۆیە ڕۆبات شەرەف کاروانسەرایەک بووە کە زیاتر بۆ مانەوەی چوارپێکان کەڵکی لێ وەرگیراوە.
لە ڕابردوودا ئەو کاروانییانەی کە لە شاری مەرو بەرەو نەیشابور گەشتیان دەکرد، لە گەشتەکەیان لەم شوێنەدا دەمانەوە. درووستکردنی ئەم کاروانسەرایە بۆ وەزیر سوڵتان سنجەر، شەرەفەدین ئەبوتایەر بن سەعدەدین عەلی قۆمی، دەسەڵاتداری شاری مەرو لەو کاتەدا دەگەڕێننەوە. ئەم بینایە یادگارێکە کە سەردەمی سەلجوقییەکان کە لە دەشتێکی باز و جواندا کراوەتەوە. بەردەنووسەکانی ئەم بینایە پیشان دەدات کە درووستکردنی لە سەرەتاکانی سەدەی شەشەمی کۆچی و ساڵی 508 دا بووە.
ئەم بیانەیە بە درێژایی مێژووی خۆی چەندین جار نۆژەن کراوەتەوە. بۆ نموونە، بە پێی وتەی شوێنەوارناسی ناسراوی فەرەنسی، ئەندرە گودار، لە ساڵی 548 ی کۆچی مانگی هۆزە تورکەکان هێرشیان کردووەتە سەر کاروانسەراکە و چەندین بەشیان ڕووخاندە بەڵام یەک ساڵ پاش ئەو هێرشە و لە ساڵی 549، نۆژەن کراوەتەوە.
ڕوبەری زەوییەکەی ئەم بینایە 4644 مەتری چوارگۆشەیە، شێوازی بیناسازییەکەی ڕازییە کە لە ڕووی مێژووییەوە بۆ سەردەمی سامانییەکان، سەلجوقییەکان و خواڕەزمشاییەکان دەگەڕێتەوە. لە سەر دەروازەی ئەم کاروانسەرایە بەردەنووسێک هەیە کە لە سەری نووسراوە، کاروانسەرای ڕۆبات شەرەف لە کاروانسەرا شاییەکان یان کۆشکە ڕۆباتییەکانی ڕێگای ئاورێشمە.
بەڵام ئەوەی کە ڕۆبات شەرەف لە کاروانسەراکانی دیکە جیا دەکاتەوە، شێوازی جوانکاری خشتکارییە کە ڕەنگە شێوازێکی دەگمەن بێت. ئاماژە درا کە ئەم بینایە بە مۆزەخانەی خشتکاریی ئێران ناوبانگی دەرکردووە.
ئەوانەی کە بۆ زیارەت سەردانی مەشهەد دەکەن دەتوانن سەردانیکردنی ئەم کاروانسەرایەش بخەنە ڕیزی بەرنامەی سەردانەکەی خۆیان.
کاروانسەراکە کەوتووەتە سەر ڕێگای سەرەخس بەرەو مەشهەد. پاش بە جێهێشتنی مەشهەد بەرەو ڕۆژهەڵات، لە ڕێگای سەرەخس دەگەنە شاری موزدئاوەند، لەوێش کە تێپەڕ بن پاش 25 کیلۆمەتر دەگەنە گوندی شورلەق، لەم گوندەش تا کاروانسەراکە تەنیا 6 کیلۆمەتر ڕێگای قیرە. بە درێژایی ڕێگاکەش ڕێنمایی لە سەر جادەکان دەبینرێت./.