بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق داهاتی 9 مانگی یەکەمی ساڵی 2021 ی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە داهاتەکە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو 62 ملیار دینار زیادی کردووە.
عومەر وائیلی بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند کە داهاتی دەروازە سنورییەکان لە یەکی کانوونی دووەم تا 30 ی ئەیلولی 2021 گەیشتووەتە 947 ملیار دینار.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە داهاتی دەروازە سنورییەکان لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو 885 ملیار دینار بووە ، وتی کە ئەمساڵ 62 ملیار داهاتی زیادەمان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هەبووە.
وائیلی داهاتی دەستەکەی لە ساڵی 2019 بە یەک ترلیۆن و 122 ملیار دینار ناو برد و وتی کە لە ساڵی 2020 ئەو داهاتە یەک ترلیۆن دینار و 194 ملیار دینار بووە.
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق وتی کە سەرەڕای بەردەوامی قەیرانی کۆرۆنا، بە هەوڵی فەرمانبەرانی ئەم دەستەیە، داهاتەکان زیادی کردووە.
وائیلی وتی کە هێشتا دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان نەکەوتوونەتە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی ناوەندی عێراق./.