بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوکات لە گەڵ قەیرانی ئابوری تورکیا و دابەزینی بەرچاوی بەهای دراوی نیشتمانی ئەم وڵاتە، ئەنکەرە تووشی ئاڵۆزییەکی جیدی لە گەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی بوویەوە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش فەرمانی دەرکردنی 10 دیپلۆماتی وڵاتانی ئەورووپیی دەرکرد. ئەگەرچی شرۆڤەکاران لاوازبوونی حکومەتەکەی تورکیا بە تایبەت ئەردۆغان بە هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی کێشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتە دەزانن، هەندێکی دیکە دەڵێن کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئەندامانی ناتۆ کێشە دەخەنە بەردەم تورکیا.
ئەڵبەت شرۆڤەکارانی دیکەش دەڵێن کە ئەم خوڵقاندنی قەیرانە تەنیا بۆ بەلاڕێدابردنی ڕاگی گشتی تورکیایە لە قەیرانی ئابوری و هەڵئاوسانی ناوخۆیی. ئەوان دەڵێن کە ئەم کێشانە پەیوەندیی بە ئامانجەکانی ئەردۆغانەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا هەیە، لە بەر ئەوەی کە بە پێی ئەنجامی ڕاپرسییەکان، ئەردۆغان و ئاکەپە هێندە لە ڕەوشێکی لەباردا نین و لە ئەگەری بەردەوامی ئەم هەلومەرجە، دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەنکەرە ناتوانن هیوایەکی ئەوتۆیان بە سەرکەوتن لە هەڵبژاردنە سەرتاسەرییەکەی داهاتوو هەبێت.
بەشێکی زۆر لە کەسایەتییەکان و تەنانەت سیاسەتمەدارانی تورکیا هەنگاوە بەپەلەکەی ئەردۆغان بۆ فەرمانی دەرکردنی دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوایی بە هەڵە و بێ خوێندنەوە و لێکدانەوە ناو بردووە. ڕوبەڕوبونەوەی ئەنکەرە لە گەڵ قەیرانی ئابوری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان و دابەزینی بەهای لیر هاوکات لە گەڵ ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە و ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی ناتۆ لە سەر کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ئێس 400 ی ڕووسیا و کێشەی واشنتن – ئەنکەرە لە سەر فۆشتنی فڕۆکە شەڕکەرەکان، لەو کێشە و قەیرانانەن کە بەم کێشە دیپلۆماسییەی ئەم دواییە و هەڵوێستەکەی ئەردۆغان قووڵتر دەبن.
کەرتی ئابوری و دارایی تورکیا لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە دیپلۆماسییەوە زیاترین باجی بەرکەوت، لە بەر ئەوەی کە لە هەمان ڕۆژی بڕیارەکەی ئەردۆغانەوە بەهای لیر بەرامبەر بە دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کرد. هاوکات تورکیا لە لایەن گرووپی نێودەوڵەتی FATF بە هۆی نەبوونی هەوڵی جیدی لە پێناو ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی تیرۆریزمەوە خرایە لیستی خۆڵەمێشییەوە.
بە بۆچوونی شارەزایان ئەمەش دەتوانێت گورزێکی کوشندە لە سەر دۆخی قەیراناوی ئێستای تورکیا بێت. بەردەوامبوونی تورکیا لەم لیستە بە نەمانی سەرمایەکان دەتوانێت زیانی زۆری بۆ تورکیا هەبێت، لە بەر ئەوەی کە ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەم وڵاتەن و ئەمەش دەتوانێت ڕێژەی بازرگانیی دەرەکی تورکیا و هەروەها وەبەرهێنانی بیانی لەم وڵاتە کەم بکاتەوە. ئەم نیگەرانییەش بووە هۆی بەردەوامی دابەزینی بەهای لیر لە بەرامبەر دراوە بیانییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، ئاڵۆزییەکانی تورکیا لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ئێستادا وەک خۆی ماوەتەوە. ئەنکەرە بەردەوامە لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی سوریا، وێڕای ئەوەی کە ئاڵۆزییەکانیشی لە گەڵ یۆنان و قوبرس زیاتر بووە. هەروەها بەردەوامی هێرش و دەسدرێژییە سەربازییەکان بۆ عێراق و جۆری پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتی ئازەربایجان کێشە و ناکۆکییەکانی لە ناوچەکە زیاتر کردووە. بەدەر لەمانەش، گەورەترین کێشەی تورکیا لە گەڵ ئەمریکا و ناتۆ وەک خۆی ماوەتەوە، زیاتربوونی پەیوەندی و هاوکارییەکانی ئەمریکا لە گەڵ یۆنان لە گەڵ پاڵپشتییەکانی واشنتن لە کوردانی سوریا بووەتە هۆی ناڕەزایەتی ئەنکەرە و نزیکبوونەوەی لە ڕووسیا.
لە چوارچێوەی ئەمەشدا ڕێکەوتنی فرۆشتنی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ئێس 400 لە نێوان ڕووسیا و تورکیا واژۆ کرا کە نیگەرانی جیدی ئەمریکا و ناتۆی لێکەوتەوە. هۆکارە ئەمنییەکان و گەیشتنی مۆسکۆ بە سیستەمە سەربازییەکانی ناتۆ لە تورکیا، گرنگترین هۆکارەکانی ئەم نیگەرانییە بوو کە سەرەتا وای لە واشنتن کرد تا ئەنکەرە لە پرۆژەی وەبەرهێنانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف 35 و کڕینی ئەم فڕۆکە پێشکەوتووانە بە لاوە بنێت. لە هەنگاوی دواتریش بڕیار بوو کە ئەمریکا لە جێی بەشێک لە سەرچاوە داراییەکانی تورکیا 40 فڕۆکەی شەڕکەری جۆری ئێف 16 ڕادەستی ئەنکەرە بکات کە ئەمجارەش ئەندامانی کۆنگرێس ڕێگرییان لەو گرێبەستە کرد. هەموو ئەمانەش وایکرد کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا ڕوو لە ئاڵۆزتربوون بکات.
سیاسەتی پەرەپێدانی پێگە و دەستڕۆیشتوویی تورکیا کە لە لایەن ئەردۆغان و بە پشت بەستن بە سەرمایەگوزارییە دەرەکییەکانەوە لە ناوچەکە جێبەجێ دەکرا، ئێستا قەیرانی ئابوری و دارایی ئەم وڵاتەی گەیاندووەتە قۆناغێکی هەستیار. لە کاتێکدا کە حکومەتەکەی ئەردۆغان لە ناوخۆی تورکیاوە ڕوبەڕوی کێشە ئابوری و سیاسییەکان بووەتەوە، لە ناوچەکەش لە گەڵ زۆربەی دراوسێکان کێشەی هەیە. وێڕای ئەمەش کە ناتۆ، یەکێتی ئەورووپا و ئەمریکا تێڕوانینێکی هاوبەشی نەرێنییان لە سەر ئەردۆغان هەیە.
بەدەر لەمانەش، پێگەی پارتی داد و گەشەپێدان و ئەردۆغان لای خەڵکی تورکیا لە ماوەی چەندین هەفتەی ڕابردوو گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی. پێدەچێت کە لانیکەم بەشێک لەم هەرا و قەیرانانەی سەرۆک کۆماری تورکیا بە ئامانجی گەورەپیشاندانی توانا سیاسی و نێودەوڵەتییەکانی حکومەتەکەی و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لە قەیرانی ئابوری و دارایی و ڕاکێشانی دەنگی ئەوان بۆ هەڵبژاردنە سەرتاسەرییەکەی ساڵی 2023 کرابێت./.